باسترمەی مووسڵ دەگەڕێتەوە بازاڕ

مووسڵ بە دروستكردنی باسترمە ناوبانگی ھەیە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

باسترمە یەكێكە لە خواردنەكانی بەیانیان و مووسڵاوییەكانیش زەمانێكە بە دروستكردنی ئەو جۆرە گۆشتە ناوبانگیان ھەیە، مووسڵ دەوڵەمەندە بە سامانی ئاژەڵان و لە گۆشتی ئاژەڵانیش باسترمەیەكی بەتام دروست دەكەن. لە وەرزی زستان و رۆژە ساردەكان لە چێشتخانە و بازاڕەكاندا خواستێكی زۆری دەكەوێتەسەر. ھەر ئەمەش وایكردووە ھەناردەی بازاڕەكانی كوردستان و باشووری عێراقی بكەن.

لە كۆنەوە مووسڵاوییەكان بە دروستكردنی باسترمە ناوبانگیان ھەیە، گۆشتفرۆشەكان لە گۆشتی خۆماڵی و بەتام و بۆنێكی تایبەت ئامادەی دەكەن. ئامادەكارییەكان بە چەند قۆناخێكدا تێپەڕدەبن و ماندوبوونێكی زۆری دەیەوێ، تاكوو بەسترمەكە دەكەوێتەسەر سەر خوان.

گۆشتفرۆشێكی مووسڵ، باس لە دروستكردنی  باسترمە دەكات و دەڵێ: "گۆشتەكە لەگەڵ سیر و بەھارات تێكەڵ دەكەین، دواتر دادەینێن خوێ و بەھاراتی تێكەڵ دەكەین و دەیشێلین دواتر توندی دەكەین، دوای ئەوەی ریخۆڵەی ئاژەڵ دەھێنین، تێكەڵەكەی تێدەكەین و دواتر كون كون دەكەین و ھەڵیدەواسین".

 لە وەرزی زستان و لە چێشتخانە مللییەكان باسترمە خواردنێكی سەرەكی ژەمی بەیانیانە، لەلایەن خەڵكە خواستێكی زۆری لەسەرە، بەتایبەتی ئەوە رۆژانەی ساردو باراناوین،  ھەندێجار باسترمەكە لەگەڵ ھێلكە و تەماتە و ھەندێكجار لەسەر خواستی داواكار ئامادە دەكرێ.

جۆرو شێوەی باسترمەكان جیاوازەو سەدان ساڵیشە ئەو جۆرە خواردنە وەكو نەریتێكی باو لەنێو مووسڵاوییەكان بڵاوبووەتەوە،  گۆشتفرۆشەكان یەكێكن لەوانەی لە دروستكردنی باسترمە شارەزایییەكی باشیان ھەیە، نرخی كیلۆیەك باسترمە لە بازاڕەكانی مووسڵ لەنێوان 8 تاكو 10 دۆلارە. بەھۆی زۆری بەرھەمەكەش ھەناردەی ھەرێمی كوردستان و خوارووی عێراقیش دەكەن.

ھ.م