وەبەرهێنان لە پارێزگای سلێمانی دەبوژێتەوە

بەڵێندەران چاوەڕوانی ئەنجامی پڕۆژەی یاسای چاکسازین
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

دۆخی وەبەرھێنان و بەڵێندەرانی پارێزگای سلێمانی لە چاو ساڵانی رابردوو بەرەو پێش چوونی باشی بە خۆوە بینوە، ھاوکات چاویان لەوەیە حکوومەت لە رێگەی پڕۆژەیاسای چاکسازی و کەمکردنەوەی خەرجییەکانەوە ھەوڵ بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی زیاتری وەبەرھێنان بدات و بارودۆخی بەڵێندەرانیش باشتر بکات.

لە ماوەی 5 ساڵی رابردوو بەھۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە دۆخی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان و پارێزگای سلێمانی سستبوونی بەخۆوەبینی، بەڵام ساڵی 2019 تاڕادەیەک دۆخی وەبەرھێنان و بەڵێندەران لە چاو ساڵانی رابردوو باشزتر بوو، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنانی سلێمانی دەڵێت، ساڵی رابردوو 15 پڕۆژەی گەورەو گرنگ لە لە پارێزگاکە مۆڵەتیان وەرگرتووەو لەگەڵ حکوومەتیش ھەماھەنگیان ھەیە، بۆ ئەمساڵ زۆرترین ئاسانکاری بکەن بۆ وەبەرھێنانی پڕۆژەی دیکە.

لە تەك باشبوونی دۆخی وەبەرھێنان  بەڵێندەرانیش بەشێک لە کێشەکانیان چارەسەر بووە و بە وتەی وتەبێژی یەکێتی بەڵێندەران لیژنەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتەکانی پلاندانان و دارایی و ئابووری دروستکراوە، بۆ تەواو کردنی ئەو پڕۆژانەی کە وەستاون و رێژەی تەواوکردنیان لە 70% زیاترە.

بە گوێرەی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی وەبەرھێنانی سلێمانی لەنێوان ساڵانی 2004 بۆ 2019، 327 پڕۆژەی وەبەرھێنان لە سلێمانی مۆڵەتیان وەرگرتووەو بەھۆی قەیرانی دارایشەوە 37 پڕۆژەیان ھەڵوەشاوەتەوەو ئێستا کارکردن لە بەشێکیان دەستیپێکردوەتەوە، کۆی ئەو پڕۆژانەش کە کاریان لەسەر کراوە لە 13 سێکتەر پێکھاتوون و زۆرترین پارەی تەرخانکراویش بۆ سێکتەری پیشەسازی بووە.

ھ.م