له‌ عێراق داوا ده‌كرێت باج بخرێته‌ سه‌ر داهاتی كرێكاره‌ بیانییه‌كان

دەستپێشخەرییەك دەخرێتەڕوو

K24 – هه‌ولێر:

لە عێراق دەستپێشخەرییەك دەخرێتەڕوو بە سەپاندنی 100 دۆلار وەك باجێكی مانگانە لەسەر ئەو كرێكارە بیانییانەی كاردەكەن.

لەلایەن لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەستپێشخەرییەك خراوەتە بەر دەستی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی كە تێیدا داوای سەپاندنی باجی مانەوەی كرێكاری بیانی دەكات لە وڵاتەكەدا.

لیژنەكە ئاماژەی بەوەشداوە، كە پێویستە مانگانە 100 دۆلار باج لەسەر ئەو كرێكارانە بسەپێندرێت و بخرێتە ناو سندوقێكی تایبەت بۆ ئەو عێراقییانەی بێكارن.

ئەو دەستپێشخەرییەی لیژنەكە لە كاتێكدایە، كە ژمارەی كرێكاری بیانی لە پارێزگاكانی عێراق هه‌تا دێت زیاتر دەبێت و بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەكان ژمارەیان گەیشتووەتە 450 ھەزار كەس و ئەو زیادەیەش كاریگەری نەرێنی كردووەتە سەر رەخساندنی ھەلی كار بۆ ئەو عێراقییانەی كە لە وڵاتەكەیان بێكارن.