كورتهێنانی بودجەی ئەمه‌ریکا ترلیۆنێک دۆلاری تێپەڕاند

گەیشتووەتە زیاتر لە 200 ملیار دۆلار

K24 – هه‌ولێر:

بە گوێرەی داتاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمه‌ریکا، کورتهێنانی بودجە لە مانگی ئابی رابردوو گەیشتووەتە زیاتر لە  200 ملیار دۆلار، کۆی کورتهێنانی بودجە لە ماوەی 11 مانگی ساڵی دارایی 2019 بەربەستی یەک ترلیۆن دۆلار شکاندووە.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمه‌ریکا رایگەیاند، کورتهێنانی بودجەی ئەمه‌ریکا لە مانگی ئابی رابردوو200.34 ملیار دۆلار تۆمارکردووە، بەرامبەر بە 214.14 ملیار دۆلار لە مانگی ئابی 2018. لە کاتێکدا شرۆڤەکاران پێشبینییان دەکرد کورتهێنان 195 ملیار دۆلار تۆمار بکات. 

لە داتاکانی وەزارەتی گەنجینەدا هاتووە، کۆی کورتهێنانی بودجە لە 11 مانگدا گەیشتووەتە 1.067 ترلیۆن دۆلار، بەراورد بە 898 ملیار دۆلار لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو.

هاوکات داهاتی حکومەت لە مانگی رابردوو گەیشتووەتە 227.9 ملیار دۆلار، بەراورد بە 219.1 ملیار دۆلار لە مانگی ئابی ساڵی رابردوو.

خەرجییەکانیش بۆ 428.3 ملیار دۆلار لە مانگی ئاب دابەزیووە، لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو 433.2 ملیار دۆلاری تۆمارکردووە.

هەروەها تێچووەکانی حکومەتیش بە رێژەی 1.1% لە مانگی رابردوو بۆ 428 ملیار دۆلار دابەزیووە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی 2018، لە کاتێکدا داهاتی باج بە رێژەی 4% بۆ 228 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە.

رۆیتەرز