گەندەڵییەکی دیکەی دۆسیەی نەوتی عێراق ئاشکرا دەکرێت

"ئونا ئۆیل شەش ملیۆن دۆلار بەرتیلی بۆ گرێبەستێکی نەوتی عێراق داوە"

K24 – هه‌ولێر:

رۆژی پێنجشەممە دادگای لەندەن لەسەر دۆسیەیەکی نەوتی عێراق دانیشتنی ئەنجامدا، بەوەی کۆمپانیای ئونا ئۆیل بۆ راوێژکاری نەوت و گاز کە بنکەکەی لە مۆناکۆیە، دوای پڕۆسەی ئازادی عێراق و رووخانی رژێمی سەدام شەش ملیۆن دۆلاری وەک بەرتیل بە دەسەڵاتدارانی بەغدا داوە لە پێناو دەستکەوتنی گرێبەستی نەوتی.

دوو بەڕێوەبەری پێشووی کۆمپانیای ئونا ئۆیل و بەڕێوبەری پێشووی فرۆشتن لە کۆمپانیای خزمەتگوزاری وزەی هۆڵەندی ئێس بی ئێم بە پێدانی بەرتیل بە بەرپرسە باڵاکانی عێراق تێوەگڵاون، بۆ ئەوەی چەندین پڕۆژەیان دەستبکەوێت، کە لە دادگاوە ئەو تۆمەتانەیان ئاراستە کراوە.

ئەو دۆسیەیە پەیوەستە بەو ئامانجەی عێراق دوای 2003 هەوڵی بۆ دەدا بە مەبەستی زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان بۆ چەند هێندەی خۆی،  بەغدا لە پلانی بوو سێ سەکۆی دەریایی لە کەنداو دابمەزرێنیت بە هێڵی بۆری بە تانکەکانی کۆگاکردن لە نزیک کێڵگە نەوتییەکان بیانبەستێتەوە، بۆ ئەوەی بە ئاسانی نەوتەکان لە کەشتییە نەوتهەڵگرەکان بار بکات.

داواکارانی گشتی لە دۆسیەکە بۆ نووسینگەی تاوانە مەترسیدارەکانی فێڵکردن لە بەریتانیا SFO دەڵێن، زیاد عەقل و ستیڤان وایتلی و پۆل بۆند لەگەڵ خێزانی ئیحسانی کە باڵادەستە لە ئونا ئۆیل پلانیان داڕشتبوو یاری بە پێدانی گرێبەستە نەوتییەکان بکەن لە ساڵانی 2005 بۆ 2011.

لەبەرامبەردا ئەو کەسایەتییانە، تۆمەتەکانیان رەتدەکەنەوە، دەڵێن لە داهاتوودا بۆ بەرگریکردن پەڕاوەکانیان پێشکەش دەکەن.

هەر لەبارەی ئەو دۆسیەوە پارێزەر مایکل برۆمبتۆن دەڵێت، کۆمپانیای ئۆنا ئۆیل کە لە لایەن دامەزرێنەر و سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕی عەتا ئیحسانی و هەردوو کوڕەکەی کۆرش و سامان بەڕێوەدەبرێت، لەگەڵ کۆمپانیاکانی دیکە رێککەوتوون بۆ ئەوەی گەرەنتی سەرکەوتن بەدەستبهێنن لە رێگەی یاریکردن بە پێدانی گرێبەستەکان و بەخشینی بەرتیل بە بەرپرسە باڵاکانی عێراق.

کورتەی دۆسیەکە ئەمەیە:

عەقل کەسایەتییەکی بەریتانی لوبنانی تەمەن 44 ساڵانە و بەڕێوەبەری پێشووی ئونا ئۆیل بووە لە عێراق، هەروەها وایتلی بەریتانیە و تەمەنی 64 ساڵانە وەک بەڕێوەبەری گشتی عێراق و کازاخستان و ئەنگۆلا لە کۆمپانیاکە کاری کردووە، ماوەیەکیش جێگری سەرۆکی ئێس بی ئێم بووە.

بەڵام بۆند بەریتانییەکی 67 ساڵانە و پێشتر لە پۆستی بەڕێوەبەری فرۆشتن ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئێس بی ئێم کاری کردووە.

دوای پڕۆسەیەکی درێژ لە هاتووچوون و یاریکردن بە ئەنجامەکان بە سەرۆکایەتی برۆمبتۆن کۆمپانیای ئێس بی ئێم و ئونا ئۆیل گرێبەستی دامەزراندنی سەکۆی دەریایی لە عێراق دەبەنەوە، لە کاتێکدا لیتۆن هۆڵدینگزی ئوستراڵی لە وەرگرتنی گرێبەستی درێژکردنەوەی بۆری و بەیەکەوە بەستانی سەکۆکان سەرکەوتن بە دەست دێنێت.

بەوەش بۆ دەستکەوتنی ئەو دوو گرێبەستە کۆمپانیای ئونا ئۆیل نزیکەی شەش ملیۆن دۆلاری وەک بەرتیل بەخشیووە و کۆی گشتی بەرتیلەکانی 800 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی بووە.

داواکاری گشتی دادگا دەڵێت، ئەوەی بەو دۆسیەوە تێوگڵاوە باسل جەراح کارگێڕی پێشووی ئونا ئۆیل بووە لە عێراق، کە بە نازناوی کاپتن بەناوبانگ بووە بەوەی پێشووتر کاپتنی دەریایی بووە. ئەو تۆمەتەی بەسەردا ساخبووەتەوە و هەریەکە لە کۆرش و سامانی ئیحسانیش لە دادگای تاوانی ئەمەریکا داوایان لەسەر تۆمارکراوە.

هاوکات بڕیارە ئەو دۆسیەی دادگایی کردنە چوار مانگ بخایەنێت.

جێگەی ئاماژەی خێزانی ئیحسانی، خێزانێکی سەرمایەداری بە رەچەڵەک ئێرانین و لە مۆناکۆ دەژین. عەتا ئیحسانی سەرۆکایەتی خێزانە دەکات، هەروەها لەگەڵ هەردوو کوڕەکانی کۆرش و سامان خاوەنداری کۆمپانیای Unaoil بۆ راوێژکاری پیشەسازی وزە دەکەن.

هاوکات کوڕی سێیەمیشی بە ناوی ساسان سەرۆکایەتی کۆمپانیایەکی خانووبەرە لە بەریتانیا دەکات بە ناوی لۆمینا.

سەرچاوە: Reuters

H.J