گەنجێك كارگەیەكی بەرھەمھێنانی پەینی ئەندامی لە رانیە دادەمەزرێنێت
K24 - رانیە
لە رانیە بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق گەنجێك کارگەیەکی بەرهەمهێنانی پەینی ئەندامی دادەمەزرێنێت و ئێستا بەرهەمی ئەو کارگەیە ھەناردەی شارەكانی عێراق و بەسرە دەكرێت.
خاوەنی کارگەکە دەڵێت، ھێشتا جوتیاران زانیاری زۆریان لەگەڵ ئەو جۆرە پەینە نییە، بۆیە خستنەبازاڕی بەرهەمەکەیان سنووردارە، بەڵام بۆ داهاتوو پلانیان هەیە بەپێی خواستی بازاڕ بەرهەمەکانیان زیاد بکەن و کێبڕکێی بەرهەمی هاوردەی بیانی پێ بکەن.
شارەزایانی کشتوکاڵیش رایدەگەیەنن، پەینی ئەندامی بەراورد بەپەینەکانی دیكە خاک نوێ دەکاتەوە و بەرهەمەکەشی هەم سرووشتی هەم باشتر و زیاترە.
ئەو کارگەیە بە توانایەکی کەمی خۆماڵی کەوتووەتە سەرپێ و خاوەنەکەی دەیەوێ کێبڕکێی پەینی نائەندامی پێبکات. بیرۆکەکەی لەوڵاتانی بیانی هێناوە و لێرە بەکاری خستووە، ئێستا بەپێی پێویستی بازاڕ لەشارەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق بەرهەمیان هەیە.
شەماڵ موحەمەد، خاوەنی کارگەی پەینی ئەندامی لە رانیە بە كوردستان24ی گوت: "ئەو بیرۆكەیەم لە وڵاتی ئێران دیت و ھێنام لێرە ئیشم لەسەر كرد. لە ساڵی 2014وە دەستم بە دامەزراندنی كارگەكە كرد دوای ساڵێك خستمانە بازاڕەوە".
سوودەکانی پەینی ئەندامی بۆ خاک و بۆ بەروبوومی کشتوکاڵی بەجۆرێکن بە پەینەکانی تر بەراورد ناکرێ، پەینی ئەندامی کە لەپاشماوەی ئاژەڵ و پاشەڕۆکانەوە بەرهەم دەهێنرێ خاک نوێ دەکاتەوە و بەرهەمێکی تەندروست بۆ جوتیار بەرهەم دەهێنێ و خەرجیەکەشی زۆر نییە.
ھ.م