له‌ چین رووخسار جێگەی كارتی بانكیی دەگرێتەوە

"چینییەكان بۆ بازاڕكردن پێویستیان بە ھەڵگرتنی ھیچ شتێك نییە"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/977dee61-f361-4849-b6ef-d411d846505e/090419WYW.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

لە ماركێت و بازاڕگاكانی وڵاتی چیندا، پێدانی پارە لەرێگەی كارت و تەنانەت بەمۆبایلیش باوی نەماوە، ئێستا بەشێكی زۆری ماركێت و فرۆشتگاكان، لەرێگەی تەكنەلۆژیایەكی نوێیەوە كارئاسانییەكی زۆریان بۆ كڕیاران كردووە، ئەویش دانانی سیستەمێكە، كاتیێك دەتەوێ بازاڕ بكەی،  بەرامبەر شاشەیەكی كۆمپیوتەر دەوەستن و  تەنیا لەرێگەی پیشاندانی رووخسارەوە پارەی كەلوپەلەكان دەدەن.

به‌م كاره‌ش، ئیتر لەمەدوا پێویست بە ھەڵگرتنی كریدی كارت و ئامرازەكانی پێدانی پارە نابێت، كه‌ چووی بۆ ماركێتەكان و كڕینی شتومەك تەنیا رووخسارت بەكاردەھێنیت، لەزۆربەی ماركێتەكانی چین مامەڵەی كڕین و پێدانی پارە زۆر ئاسانكراوەو پێوسیتیت بەوە نییه‌ چاوەڕوانی كاشێرەكان بیت بۆ ئەوەی باقی پارەكە وەرگریتەوە، كاتێك دەچیتە ھەر ماركێتك شاشەیەك دانراوەو كڕیارانیش ژمارەی نھیێنی خۆیان دەنوسن، ئەمەش تەواوی پرۆسەكەیە.

لی دونگ لیانگ، ئەندازیار پەرەپێدانی تەكنەلۆژیا ده‌ڵێت: "ئەم تەكنەلۆژیایە ھاوكاریی كڕیاران دەكات لە كڕینی كەلوپەل لە بازاڕەكاندا، كڕیار دەتوانێت تەنیا بە رووخسار و بێ ئەوەی ھیچ شتێك ھەڵگرێت بازاڕی خۆی بكات، ئەگەرچی پرۆسەكە تارادەیەك مەترسی ھەیە لەوەی كەسێك لە تەنیشته‌وه‌ بێت و ژمارەی نھێنیت بزانێت، بەڵام ئەو سیستەمە رێگەنادات فێڵ بكرێت، چوونكە رووخساری كەس لەھی كەس ناچێت، ئەمەش تەواو دڵنیایی دەداتە كڕیاران".

ئەم تەكنەلۆژیایە لەسەدان شوێنی فرۆشتن و ماركێت دانراوەو ھه‌وڵیش دەدەرێت لەسەرانسەری ماركێت و شوێنە بازرگانییەكان بەو شێوەیە كارئاسانی بۆ كڕیاران بكرێت، پرۆسەكە بۆ شێوەیەكی بەرنامە بۆداڕژراو كاری لەسەر دەكرێت و دڵنیاییش دراوەتە كڕیاران لەئەگەری دروستبوونی ھەر كێشەیەك.

ژانگ لیمینگ، فرۆشیار و ده‌ڵێت: "دوای ئەوەی پرۆسەی ھاتنە ژوورەوەت تەواو دەبێت، ئیتر كارەكان زۆر ئاسان دەبن، بەتایبەتی لەرووی كڕینی كەلوپەل و پێدانی پارەوه‌، ھەروەھا پرۆسەی كڕینش زۆر خێراتر دەبێت، چوونكە ئەو شێوازە رۆتینە نامێنێت چاوەڕێ بكەیت تاكو كاشێر ھەژماری كەلوپەلەكان دەكات، ئەم تەكنەلۆژیا ھەم كاتت بۆ دەگەڕێنێتەوە ھەمیش پارەكە سەلامەتە".

چینییەكان زۆرترین كەسن لەسەر ئاستی جیھاندا كە لەرێگەی مۆبایل یاخوود كریدی كارتەوە بازاڕ دەكەن، بەڵام بیرۆكەی دامەزراندنی ئەو سیستەمە دەبێتە ھۆی رەخساندنی بازاڕێكی باش بۆ ماركێتەكان و لەھەمانكاتدا خزمەتێكی زۆریش بە كڕیارانیش دەكات.