دەوڵەمەندترین پیاوی چین لە یادی لە دایکبوونیدا خانەنشین بوو

لەگەڵ ئاهەنگگێڕانی بەبۆنەی 55 ساڵەی یادی لە دایکبوونی

K24 – هه‌ولێر:

جاک ما، دامەزرێنەری گرووپی عەلی بابای چینی بۆ بازرگانییە ئەلیکترۆنییەکان، لە پۆستەکەی وەک بەڕێوەبەری گرووپەکە خانەنشین بوو.

ئەم خانەنشینەی جاک ما، هاوكاته‌ لەگەڵ ئاهەنگگێڕانی بەبۆنەی 55 ساڵەی یادی لە دایکبوونی.

بە گوێرە ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا، دانیال چانگ لە جێگەی ئەو بە سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیاکە دەستنیشانکرا.

جاک ما، بە دەوڵەمەندترین پیاوی چین هەژماردەکرێت، کۆی سامانەکەی 39 ملیار دۆلارە، کە بە سەرەتایەکی قورسی ژیان دەستی بە کارکردن کرد.

ئەو کەسایەتییە چینییە لە چەندین چالاکیدا باسی لەوە کردووە، کە دوو جار لە تاقیکردنەوەکانی زانکۆ شکستی هێناوە. ئەگەر سەرکەوتوو با دەبوو بە مامۆستای ئینگلیزی.

هەروەها 30 کۆمپانیای جیاواز لە ناویاندا زنجیرەی کەنتاکی رەتی کردووەتەوە کار بە جاک ما، بدات.

دوای سەختییەکان لە رێگەی ئینتەرنێتەوە لە ساڵی 1999 کۆمپانیای عەلی بابای دامەزراند.

دامەزراندنی کۆمپانیاکەش هاوتایە لەگەڵ گەشانەوەی خێرای ئابووری چین و ئەندامبوونی لە رێکخراوی بازرگانی جیهانی لە ساڵی 2001.

لەو کاتەوە کۆمپانیای عەلی بابا یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی جیهان، لە ساڵی 2014 پشکەکانی لە بۆرسەی نیویۆرک خستەڕوو، بەوەش عەلی بابا سەرجەم ژمارە پێوانەییەکانی شکاند و لە دەستپێشخەری یەکەمدا 25 ملیار دۆلاری تۆمارکرد.

جێگەی ئاماژەیە بازرگانی ئەلیکترۆنی چین بەهۆی جەنگی بازرگانی نێوان پەکین و  واشنتن لە سستبوونەوەدایە.