کۆڕبەندێکی وزە لە قاهیرە تورکیا توڕە دەکات

"ئەوان بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ بەدی هێنانی خەونە پووچەکان"

K24 – هه‌ولێر:

حامی ئاکسۆی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، کۆڕبەندی گازی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە قاهیرە لە لایەن کۆمەڵەیەکی دژی ئەنقەرە بەڕێوەدەچێت.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا،  پێی وایە پێکهێنانی رێکخراوێکی نێودەوڵەتی لە لایەن ئەو وڵاتانەوە دوورە لە واقیعەوە.

ئاکسۆی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، واژۆکردنی پەیماننەمەیک بۆ گۆڕینی کۆڕبەندەکە بۆ رێکخراوێکی نێودەوڵەتی، "پاڵنەری سیاسی لە دواوەیە و مەبەست لێی دەرکردنی تورکیایە لە هاوکێشەی وزە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست".

 روونیکردەوە، ئەگەر ئامانجی راستەقینەی دیدارەکە دروستکردنی هاوپەیمانی بێت، ئەوا دەبوایە تورکیا و کۆماری باکووری قوبرسی تورکیا بانگهێشت کرابان.

ئەو گوتەبێژە دەشڵێت، دامەزراندنی ئەو کۆمەڵانە دژی تورکیا و قوبرسی تورکیا، لە بەرژەوەندی بە دیهێنانی ئاشتی و هاوکاری لە ناوچەکە نییە، و دەڵێت هەر دەستپێشخەرییەک لە ناوچەکە بێ ئامادەبوونی تورکیا و قوبرسی تورکیا سەرکەوتن بەدەست ناهێنێت.

ئاکسۆی دەشڵێت، ئەو دەستپێشخەرییە بەڵگەیە بۆ ئەوەی ئەو وڵاتانە داواکاری تورکیایان بۆ گفتوگۆ و هاوکاری پشتگوێ خستووە و بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ بەدی هێنانی خەونە پووچەکان.

جەختیشیکردەوە، "تورکیا بە توندی بەردەوام دەبێت لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە دەریای ناوەڕاست، مافەکانی لە قوبرسی تورکیا."

ئەمە لە کاتێکدایە، تارق ئەل مەلا وەزیری پێترۆل و سەرچاوە کانزاییەکانی میسر رایگەیاند، میسر و ئیسرائیل و قوبرس و یۆنان و ئیتاڵیا رێکخراوێکی هەرێمی بۆ گاز لە دەریای ناوەڕاست پێکدەهێنن و تورکیاش بە فەرمی داوای کردووە ببێتە ئەندام لە کۆڕبەندەکە.

H.J