نرخی ئۆنسهیهكی زێڕ بۆ سەرووی 1500 دۆلار بەرزدەبێتەوە
K24 – ههولێر:
گرێبەستە داهاتووەکانی زێڕ لە دابەزینەکانی رۆژی رابردووی هەڵگەڕایەوە، جارێکی دیکە نرخی ئۆنسەیەکی بۆ سەرووی ئاستی 1500 دۆلار بەرزبووەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لە ژێر کاریگەری مامەڵەکانی فرۆشتنە.
وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بڕیاری بانکی ناوەندی ئەوروپا نرخی زێڕ رۆژی رابردوو بەرزترین ئاستی بە 1524 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک تۆمارکرد, دواتر دابەزی، کە بانکی ناوەندی ئەوروپا رێژەی سوودی دابەزاند و دووبارەی پڕۆگرامی ئاسانکاری نەختینەیی پێشکەشکرد.
هاوکات پێشبینییەکان بۆ ئەوەن لە کۆبوونەوەی بانکی فیدراڵی ئهمهریكا بڕیار لەسەر کەمکردنەوەی رێژەی سوود بدرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە گرێبەستە داهاتووەکانی ئەو کانزا زەردە پاڵپشتی لە دوایین هەڵوێستەکان دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئهمهریكا وەرگرت، کە لە توویتێکدا رەخنەی لە جێرمی پاول پارێزگاری بانکی فیدراڵی گرت و رایگەیاند، بانکەکە هەنگاوی پێویست ناگرێتە بەر بۆ پشتیوانیكردنی ئابووری ئهمهریكا.
سەرەڕای ئەوەش بەرزبوونەوەکان سنووردارە، بەهۆی گەشبینییەکان بە دانوستاندنی بازرگانی نێوان ئهمهریكا و چین.