جوتیاران بە بەرھەمی ئەمساڵی شێلم دڵخۆشن

وەرزی پێگەیشتنی شێلمی بانیشار

K24 - ھەڵەبجە

شێلمی بانیشار پێگەیشتوەو جوتیاران دڵخۆشن بە باشی بەرهەمەکەیان، لەگەڵ نزیک بوونەوەی وەرزی پایزيش خواست لەسەرى زیاد دەکات و هاووڵاتیان پێش هاتنى سەرما شێلم دەکڕن، و بە چەندین جۆر بۆ زستان ئامادەی دەکەن.

وەرزی پێگەیشتن و هەڵکەندنی شێلم دەستی پێکردوە، جوتیارانی بانیشار لە سنووری پارێزگای ھەڵەبجە دڵخۆشن بە بەرهەمی ئەمساڵ و دەڵین، هیچ ساڵێک وەک ئێستا بەرهەمەکەمان باش نەبووە، هۆکارەکەشی بۆ باشی تۆوەکە دەگێڕنەوە.

لەپاش هەڵکەندن و شۆردنەوە شێلمەکان دەهێنرینە بازاڕ، لەگەڵ نزیک بوونەوەی وەرزی پایز خواست لەسەر شێلم زیاد دەکات، هاووڵاتیان لە پێش دەست پێکردنی سەرماشێلم دەکڕن، و بە چەندین جۆر  ئامادەی دەکەن بۆ زستان.

شێلم بەروبوومێکی پایزەیە و لەکۆتاییەکانی مانگی تەمموزەوە دەست دەکرێت بە چاندنی و لە نیوەی مانگی 9 پێدەگات، لە کوردستان بە گشتی لەگەڵ نزیک بوونەوەی وەرزە ساردەکان خواست لەسەر شێلم زیاد دەکات، بەچەندین جۆر وەک شێلمی کوڵاو شێلم بەترش و ترخێنە بەکار دەهێنرێت بۆ خواردن.

ھ.م