عێراق و توركیا دەروازەیەكی دیكەی سنووری دەكەنەوە

دەیانەوێت ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەو سنوورەدا بكەن

K24 - ھەولێر

عێراق و توركیا بەنیازن دەروازەیەكی سنووری ھاوبەش لە ناوچەی پیشابوور بكەنەوە.

ھەردوو وەزارەتی پلاندانانی عێراق و توركیا باسیان لە چۆنیەتی كردنەوەی دەروازەیەكی سنووری ھاوبەش لە ناوچەی پیشابوور كردووە، كە لە پارێزگای نەینەواوە تێپەڕبێت.

بەگوێرەی بەیاننامەیەكی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ئەو دۆسیانەی كە پەیوەندی بە پەرەسەندی پەیوەندییە ئابووریی و بازرگانییەكانی نێوان عێراق و توركیادا ھەیە ھەموو تاوتوێكراون، بەو ئامانجەی كە بەباشترین شێوە دەروازەكە بكرێتەوە و ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان پێشبخەن.

ھاوكات ھەردوولا باسیان لەو لایەنانەش كردووە كە پەیوەندی بە باجی گومرگی ھەیە لە كاتی كردنەوەی دەروازەكە، بۆ ئەوەی ھەموو ئاسانكارییەك بۆ بازرگانان بكرێت، بە ئامانجی زیادكردنی كاری وەبەرھێنانی كۆمپانیاكانی توركیا لە پارێزگاكانی عێراقدا.