دوای راگه‌یاندنی كارنامه‌ی حكوومه‌ت كەرتی وەبەرھێنان تا %15 گەشەیكردووە
K24- هه‌ولێر:
دوای راگه‌یاندنی كارنامه‌ی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سێكته‌ری وه‌به‌رهێنان جووڵه‌ی تێكه‌وتووه و به‌گوێره‌ی ئامارێكی یه‌كێتی وه‌به‌رهێنه‌رانی كوردستان، كه‌رتی وه‌به‌رهێنان له 10% بۆ له 15% گه‌شه‌ی سه‌ندووه، وه‌به‌رهێنه‌رانی هه‌رێمی كوردستانیش پاڵپشتی له‌و كارنامه‌یه‌ی حكوومه‌ت ده‌كه‌ن.
مه‌لا یاسین، وته‌بێژی یه‌كێتی وه‌به‌رهێنه‌رانی كوردستان له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: به‌و پلانه‌ی كه ئێستا حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستپێكردووه، كه‌رتی گشتی رێكده‌خرێته‌وه و كه‌رتی تایبه‌تیش جیاده‌كرێته‌وه، هه‌روه‌ها له رێگه‌ی ئه‌و كارنامه‌یه حكوومه‌ت ده‌توانێت گرنگی به ژێرخانی ئابووری هه‌رێمی كوردستان بدات.
ئاماژه به‌وه‌ش ده‌دات، له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بازاڕی وه‌به‌رهێنان له 10% بۆ له 15% گه‌شه‌ی سه‌ندووه.
هاوكات له‌زگین ره‌سوولیش كه وه‌به‌رهێنه‌رێكی هه‌رێمی كوردستانه جه‌خت ده‌كاته‌وه، كارنامه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم جێگای خۆشحاڵی و ره‌زامه‌ندی هه‌موو لایه‌كمانه به‌تایبه‌ت كه‌مكردنه‌وه‌ی رۆتین له فه‌رمانگه ئیدارییه‌كان، بچووكترین نموونه‌ش بۆ ئه‌وه، له ماوه دوو رۆژی رابردوودا 3 مامه‌ڵه‌مان رایی كردووه، كه پێشان پێشبینی دوو مانگمان بۆ راییكردنی ئه‌و مامه‌ڵانه ده‌كرد.
یه‌كێتی وه‌به‌رهێنه‌رانی كوردستان به كارنامه‌ی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت و كه‌مكردنه‌وه‌ی كێشه‌كانی به‌رده‌م كه‌رتی وه‌به‌رهێنان گه‌شبینن، له‌مباره‌شه‌وه جه‌میل گه‌ردی، جێگری سه‌رۆكی یه‌كێتی وه‌به‌هێنه‌رانی كوردستان ده‌ڵێت: پلانمان هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه بانگهێشتی سه‌رجه‌م وه‌به‌رهێنه‌ره بیانیه‌كان بكاته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌به‌رهێنه‌رانی ناوخۆیی كار له‌سه‌ر چه‌ندین پرۆژه‌ی گه‌وره و ستراتیژی له هه‌رێمی كوردستان بكه‌نه‌وه.
له چه‌ند ساڵی ڕابردوو سه‌ره‌ڕای بوونی قه‌یرانی دارایی، به به‌های زیاتر له 50 ملیار دۆلار له كه‌رته جیاوازه‌كاندا وه‌به‌رهێنان كراوه، وه‌به‌رهێنه‌رانیش باس له‌وه ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر له دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌ت رۆتین كه‌م بكرێته‌وه و هانی وه‌به‌رهێنه‌رانی ناوخۆیی بدرێت، پێشبینی ده‌كه‌ن له 4 ساڵی داهاتوودا ئاستی وه‌به‌رهێنان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رز بێته‌وه.
H.B