دوو کارگە لە سنووری ھەڵەبجە داخران
K24 - ھەڵەبجە
بەھۆی نەبوونی مەرجی تەندروستی لە سنووری پارێزگای ھەڵەبجە دوو كارگە داخران.
بەگوێرەی راگەیەندراوی لیژنە ھاوبەشاكانی قایمقامیەتی ھەڵەبجە، لیژنەهاوبەشەکانی تەندروستی و قایمقامیەت سەردانی هەردوو کارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور و کارگەی دروست کردنی زەرفی رەش لە هەڵەبجە-یان كردووە، لە ئەنجامی سەردانەکەیان دا و لەپاش پشکنین هەردوو کارگەكە داخران.
روونكراوەتەوە، داخستنی ئەو دوو کارگەیە بەھۆی پابەند نەبوون بووە بە مەرج و رێنمایە تەندروستییەکانەوە.
ئەکرەم محەمەد ئاغا بەڕێوبەری خۆپاراستنی تەندروستی هەڵەبجە بۆ کوردستان24 پشتڕاستی كردەوە: "هەردوو کارگەی ناوبراو داخراون و مۆڵەتی تەنها 17 رۆژیان پێدراوە تاوەکو کەموکوڕیەکانیان چارەسەردەکەن".
گوتیشی: "کارگەی دۆشاوی شارەزوور بۆ چەندین جارە ئاگادار دەکرێتەوە لە چاککردنی کەموکوڕیەکانی بەپێچەوانەوە سزادەدرێت، بۆیە ئێستا داخراون و هیچ بەرھەمێكیان نابێت، تا لەماوەی دیاریکراو کەم وکوڕیەکانیان چارە دەکەن".
ھ.م