ئابووری ئه‌ڵمانیا گه‌وره‌ترین زیاده‌ی له‌ جیهاندا هه‌یه‌

بۆ چوارەم جار لەسەر یەک

K24 – هه‌ولێر:

پەیمانگەی ئیڤۆ بۆ ئابووری رایگەیاند، ئەڵمانیا گەورەترین زیادەی هاوسەنگی بازرگانی بۆ چوارەم جار لەسەر یەک تۆماركردووه‌.

راشیگه‌یاند، ئه‌و ئه‌نجامه‌ وای لەبەرلین کردووە زیاتر جەخت لە خواستی ناوخۆ بکاتەوە و ئەو هەناردەکارییەی دەیمێنێتەوە لە ناوخۆدا ساغی بکاتەوە.

کریستیان گریم، شارەزای ئابووری لە پەیمانگەی ئیڤۆ  بۆ رۆیتەرز رایگەیاند، پێشبینی دەکەن زیادەی هاوسەنگی مامەڵە بازرگانییەکانی ئەڵمانیا لەمساڵدا 276 ملیار دۆلار تۆماربکات، کە پێوەری کاڵا و خزمەتگوزاری و وەبەرهێنانە.

هاوکات گووتیشی: پێشبینی دەکەن ئەڵمانیا گەورەترین زیادەی هاوسەنگی مامەڵەی بازرگانی بۆ چوارەمین ساڵ لە سەر یەک لە تەواوی جیهاندا تۆماربکات، هەروەها بە گوێرەی پێشبینییەکان دوای ئەڵمانیا، ژاپۆن 188 ملیار دۆلار و چین 182 ملیار دۆلار تۆمار بکەن.

لەبەرامبەردا پێشبینییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، کورتهێنانی ئەمه‌ریکا لە هاوسەنگی مامەڵە بازرگانییەکان 480 ملیار دۆلار تۆماربکات، کە هۆکارەکەی بۆ جەنگی بازرگانی نێوان واشتنن و پەکین لێکدەدەنەوە.

سه‌رچاوه‌: رۆیتەرز