فرۆشی ئۆتۆمبێلی نوێ دابەزین تۆمار دەکات

بۆ ماوەی 16 مانگە لەسەر یەک فرۆشی ئۆتۆمبێل لە چین لە دابەزینە

K24 - ھەولێر

بە گوێرەی داتاکان، فرۆشی ئۆتۆمبێلی نوێ لە چین بۆ 16 یەمین مانگ لەسەر یەک لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ دابەزین تۆمار دەکات.

یەکێتی بەرهەمهێنەرانی ئۆتۆمبێل لە چین رایگەیاند، کۆی فرۆش لە گەورەترین بازاڕی ئۆتۆمبێل لە جیهان بە رێژەی 4% بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو دابەزینی تۆمارکردووە.

بەوەش رێچکەی فرۆشی ئۆتۆمبێل لە وڵاتەکە بەردەوامە لە دابەزین، بە جۆرێک لە مانگی ئەیلوول بە رێژەی 5.2% و لە مانگی ئاب بە رێژەی 6.9% دابەزینی تۆمارکرد، هاوکات بە گشتی لە ساڵی 2018 فرۆش بەردەوام لە دابەزین بووە، هاوکات وڵاتەکە یەکەم داکشانیشی لەمساڵ دوای نەوەدەکانی سەدەی رابردوو تۆمارکرد، کە هۆکارەکەی بۆ سستبوونەوەی گەشەی ئابووری بەهۆی جەنگی بازرگانی نێوان پەکین و واشنتن دەگەڕێتەوە.

هاوکات یەکێتی بەرهەمهێنەرانی ئۆتۆمبێل رایگەیاند، فرۆشی ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە وزەی نوێبووەوە کاردەکەن بە رێژەی 45.6% لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ دابەزیووە، و لە مانگی ئەیلوولیش 33% دابەزینی تۆمارکردبوو.

لە کاتێکدا ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە وزەی نوێبووەوە کاردەکەن لە ساڵی رابردوو 62% بەرزبوونەوەی تۆماکردبوو، سەرەڕای دابەزینی بازاڕی ئۆتۆمبێل بە شێوەیەکی گشتی.

ھ.م