نرخی زێڕ بەرزترین ئاستی شەش ساڵی رابردووی تۆماركرد

بەشێك لە ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان زێڕەكانیان دەفرۆشنەوە
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە بازاڕە جیھانییەكان، ئێستا بەشێكی زۆری ھاووڵاتییانی سلێمانی لە زێڕ كڕینەوە روویان لە فرۆشتنی زێڕەكانیان كردووە، زێڕنگەران دەڵێن، بە درێژایی شەش ساڵی رابردوو وەكو ئێستا نرخی زێڕ بەرزنەبووەتەوە، بۆیە بازاڕی زێڕنگەران لە رووی كڕینەوە بووژاوەتەوە و لە بڕی زێڕ فرۆشتن ئێستا كاریان بووەتە كڕینەوەی زێڕی ھاووڵاتییان.

تەواوی زێڕینگەران ھۆکاری سەرەکی بێ بازاڕیان بەھۆی بەرزبوونەوەی زێر بۆ گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران دەگەڕێننەوە، باس لەوەش دەکەن دروستبوونی ھەر شەڕێک ھێندەی دیكە نرخەکان بەرز دەکاتەوە.

بەگوێرەی بۆرسەی جیھانی کیلۆیەک زێڕ لە 42 ھەزار دۆلارەوە، بەرزبووەتەوە بۆ 45 ھەزار دۆلار، لە بازاڕەكانی ھەرێمی كوردستانیش مسقاڵێك زێڕی عەیار (24) بە 272000  دیناری عێراقیی و مسقاڵێك زێڕی عەیار (21) بە 240000 دیناری عێراقیی و مسقاڵێك زێڕی عەیار (18) بە 205000 دیناری عێراقییە. ئەوەش وایکردوە جگە لەو کەسانەی کە پرۆسەی ھاوسەرگیری ئەنجام ئەدەن، کەسی دیكە بەلای کڕینی زیڕەوە ناچێت.

ھ.م