ڤایرۆسی كۆرۆنا زیان بە كۆمپانیای ئەپڵ دەگەیەنێت

ئەپڵ نزیكەی 10 ھەزار كارمەندی لە چین ھەیە

K24 - ھەولێر

ئاژانسی بلوومبێرگ ئاماژەی بەوەداوە كە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە چین بۆی ھەیە كاریگەری نەرێنی بكاتە سەر پلانەكانی بەرھەمھێنانی تایبەت بە كۆمپانیای ئەپڵی  ئەمەریكی بەتایبەت ئەو بابەتانەی كە پەیوەندیدارن بە وادەی بەرھەمھێنانی ئەو مۆبایلەی كە تێچوویەكی مامناوەندی ھەیە.

ئاژانسەكە ئاشكراشیكرد، كە ئەپڵ دەستی بە كۆكردنەوەی مۆبایلەكانی لە دوو كارگە كردووە كە زیاتر لە 500 كیلۆمەتر دووریانە لە شاری وھانی چینی و ھاوكات ھەرچەندە، كە ئەپڵ نزیكەی 10 ھەزار كارمەندی لە چین ھەیە، بەڵام  بە ملیۆنان كەسی دیكە بەشدارن لە زنجیرە بەرھەمھێنانی بەرھەمەكانی تایبەت بەو كۆمپانیا ئەمەریكییە.

لە ماوەی ھەفتەی رابردوودا ئەپڵ چەندین پلانی گەورەی ئاشكراكرد، بەوەی كە لە مانگی داھاتوو مۆبایلی ئابوورییانە بەرھەمبھێنێت، بەڵام مەترسی كۆرۆنا بۆی ھەیە ئەو پلانانە پەكبخات.

ھ.م