لە سلێمانی رۆژانە 50% ئاوی خواردنەوە بە فیڕۆ دەدرێت

لە ھەندێك گەڕەك بە تانكەر ئاو بەسەر ھاووڵاتیاندا دابەش دەكرێت
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

بە پێی ئامارێک کە دەست کوردستان24 کەوتووە  تەنیا له‌ سه‌نته‌ری شاری سلێمانی رۆژانە 50% ئاوی خواردنەوە لەلایەن ھاووڵاتیانەوە بە فیڕۆدەدرێت، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی رایدەگەیەنێت، ئەگەر رێگری لەو بەفیڕۆدانە بکرێت، ئەوا دەتوانن رۆژانە ئاو  بەسەر ھاووڵاتیاندا دابەش بکەن.

ئەمە لەكاتێكدایە ساڵانێكه‌ به‌شێكی زۆر له‌ دانیشووانی شاری سلێمانی به‌ ده‌ست كه‌می ئاوی پاكه‌وه‌ تووشی گرفت و بێزاری بوونه‌ته‌وه‌.

بەھۆی گۆڕانکاریە بەردەوامەکانی کەشوھەواوە بەردەوام مەترسی لەسەر کەم بوونەوەی ئاو ھەیە، ژینگە پارێزێک دەڵێت، بەفیڕۆ نەدانی ئاو خەمی گەورەی ئەوانە، بۆیە لە ناوەندەکانی خوێندن و فەرمانگە حکوومییەکان و لە رێگەی  ھەڵمەتی ھۆشیاری سەر شەقامەکان و ناوبازاڕەکان بەردەوام رێنمایی دەدەنە ھاووڵاتیان ئاو بە فیڕۆ نەدەن و بۆ ئەم مەبەستەش مانگی 5ی ئەمساڵ پڕۆژەیەکیان داوەتە پەرلەمانی کوردستان.

لە سه‌نته‌ری سلێمانی بەڕێوەبەرایەتی ئاو نزیکەی 180 ھەزار ھاوبەشی ھەیە، كە ماڵان و کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت له‌ خۆ ده‌گرێت، لە ھەمان کاتدا نزیکەی 20 گەڕەکی شاره‌كه‌ش له‌ تۆڕی ئاو بێبه‌شن و لە رێگەی تانکەرەوە ئاوی خواردنەوەیان بەدەست دەگات، بەڕێوەبەرایەتی ئاویش لە ھەندێک گەڕەک 2 رۆژ جارێک و لە ھەندێکی دیکەش 3 رۆژ جارێک ئاو بەسەر ھاووڵاتیاندا دابەش دەکات.

ھ.م