کاریگەری رێککەوتنی بازرگانی لەسەر بازاری نەوت

دڵەڕاوکێکان کەمێک رەوینه‌وه‌

K24 – هه‌ولێر:

دوای واژووکردنی قۆناغی یەکەمی رێککەوتنی بازرگانی نێوان ئەمریکا و چین، دڵەڕاوکێکان کەمێک رەوینه‌وه‌، کە ماوەیەکی درێژ بوو بازاڕەکانی شێواندبوو.

سەرەڕای ئەوەش چاودێران و لە نێویاندا جانێت یێڵن سەرۆکی پێشووی بانکی فیدڕاڵی ئەمریکا دەڵێن، جەنگی بازرگانی هێشتا کۆتایی پێ نەهاتووە، و بە تایبەت پێناسە گومرگییەکان لەسەر هاوردەی کاڵی چینی هەڵنەگیراوە.

یێڵن لە لێدوانێکی پێشوویدا دەڵێت، قۆناغی یەکەمی رێککەوتنی بازرگانی پارێزگاری لە کێشەکانی خاوەن بیرۆکەی داهێنانی تەکنەلۆژیا ناکات، بۆیە گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ دوای واژووکردنی قۆناغی یەکەمی رێککەوتنی بازرگانی بەدی ناکرێت.

سەرەڕای ئەوەی گەشبینی باڵی بەسەر بازاڕەکاندا کێشاوە، و لە نێویشیدا نەوت چونکە رەوانەوەی جەنگی بازرگانی بە واتای خواستی جیهانی بۆ نەوت دێت.

بە واژۆکردنی قۆناغی یەکەمی رێککەوتنی بازرگانی، ئەو دڵەڕاوکێیانەی 18 مانگی رابردوو هێور دەبنەوە، شرۆڤەکاران پێیانوایە ئەو رەوانەوەیە کاتییە، بەڵام بە بۆچوونی ترەمپ، هێوربوونەوەی ناکۆکی و نادڵنییاییە بازرگانییەکان رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر گەشەی ئابووری ئەمریکا دەبێت، بۆ دووبارەی دەرچوونەوەشی بۆ پۆستی سەرۆکایەتەی دەنگی زیاتر بەدەست دێنێت.

لەبارەی چینیش، واژووکردنی ئەو رێککەوتنە جارێکی دیکە ئابوورییەکەی لە ساڵی 2020 دەبوژێنێتەوە، کە ساڵی رابردوو بۆ بۆ کەمترین ئاستی سی ساڵی رابردووی دابەزی بوو. 

ئێستاش دوای واژۆکردنی قۆناغی یەکەم، چاوەڕوانییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنە بۆ قۆناغی دووەم، و توانای هەردوو وڵاتە لەسەر داڕشتن و واژووکردنی رێککەوتنەکە.

لەو بارەیەوە ترەمپ پێشبینی دەکات واژووکردنی قۆناغی دووەم بکەوێتە دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی.

بەمەش بازاری نەوت بە هەر لێدوانێکی یان هەڵوێستێکی بەرپرسانی ئیدارەی ئەمه‌ریکا و حکوومەتی چین لەبارەی قۆناغی دووەمی رێککەوتنە گۆڕانکاری بەسەردا دێت، لە کاتێکدا قۆناغی یەکەم پەیوەست بوو بە پابەندبوونی هەردوو وڵاتەکە و ئەگەری هەیە لە داهاتوودا جارێکی دیکە پێداچوونەوەی پێدا بکرێتەوە.