نیشانەکانی شێرپەنجەی گورچیلە
K24- هەولێر
گرێی شێرپەنجەی گورچیلە، یەکێک لە شاراوەترین گرێ شێرپهنجهییهكانه و جیاواز له گرێ شێرپهنجهییهكانی دیكه، كه له شوێنەکانی دیکەی جەستە بڵاودەبنەوە، هیچ نیشانە و ئازارێکی لێ نابینی، هەندێکجار تەنها لە کاتی پشکنین و سۆنەر یان تیشك دیار دەکەوێت، یەکێک لە خراپپییەکانی ئەم گرێ شێرپەنجەیە، بەرگریکردنه لە چارەسەری کیمیایی و تیشک.
شێرپەنجەی گورچیلە یەکێک لە 10 شێرپەنجەی بڵاوهكانی جیهانه، کە زیاتر پیاوانی سەرەوەی 50 ساڵان تووش دەکات.
باوترین نیشانەکانی شێرپەنجە:
بینینی خوێن لە ناو میز
هەبوونی خوێن لە ناو میز یەکێکه لە نیشانەکانی ئاشکرای شێرپەنجەی گورچیلە. هەندێکجار هەبوونی خوێن لە ناو میز ئەوەندە کەمە کە تەنها بە تاقیکردنەوەیهکی بچووک دەتوانن ئەوە دیار بخەن. هەرچەندە هەوکردنی میزڵدان، بەردی گورچیلە دەتوانێت خوێن لە میزدا درووست بکات کە دەبێته هۆی بینینی خوێن، بهڵام دهبێت لە زووترین کاتدا سەردانی دکتۆر بکرێت.
ئازار لە خوارەوەی کەمەر
زۆربەی مرۆڤەکان ئەم ئازارەیان نییە تا ئهو كاتهی شێرپەنجە بە هەنگاوی پێشکەوتووی خۆی گەیشتبێت، ئازاری شێرپەنجەی گورچیلە لە یەکلای جەستە و سەروەی جومگەی ران هەستی پێدەکرێت کە ئازارێکی یەکجار زۆرە، ئەگەر هەستتان بە ئازاری زۆر كرد و ئازارهكه ماوەی چەند رۆژێكی خایاند، بە زووترین کات دەبێت سەردانی دکتۆر بکەن.
کەم خوێنی و ماندووبوون
ماندووبوون یەکێک لە نیشانەکانی شێرپەنجەکانە بە گشتی. ماندووبوونی شێرپەنجە لەگەڵ ماندووبوونی ئاسایی زۆر جیاوازە ئەویش ئەوەیە کە بە نووستن و پشوودان، ئەو ماندووبوونە کەم نابێتەوە. ئەم ماندووبوونە لە سەر چالاکی رۆژانە کاریگەریی هەیە و مرۆڤ ناتوانێت کاروباری رۆژانەی خۆی بە رێکوپێکی بەڕێوەببات.
لەدەستدانی ئارەزووی خواردن و دابەزینی لهناكاوی کێش
یەکێکی دیكه لە نیشانەکانی شێرپەنجە، دابەزاندنی له ناكاو و خۆڕایی کێشه لە مرۆڤ، ئەویش بە بێ هیچ وەرزش و رێجيمێكى دياريكراو. هەروەها بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جەستە بە بێ هۆکار دەتوانێت یەکێکتر لە نیشانەکانی شێرپەنجەی گورچیلە بێت.
سەرچاوە: Mayoclinic