خانمان ده‌ستبه‌رداری ماكیاژ ده‌بن
K24 - هه‌ولێر:
نزیكه‌ی 15 رۆژه، كچان و خانمانی سووریا هه‌ڵمه‌تێكیان ده‌ستپێكردووه، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستبه‌رداری ماكیاژ بن و به‌بێ به‌كارهێنانی هیچ ماكیاژێك بچنه ده‌ره‌وه و كاری خۆیان بكه‌ن.
رێكخراوێكی سووری به‌ناوی "توێژه‌رانی سووریا"، هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی ده‌ستپێكردووه، بۆ ئه‌وه‌ی كچان به‌بێ ئه‌وه‌ی پێویست بكات هه‌موو رۆژ ماكیاژ به‌كاربهێنن بچنه ده‌ره‌وه.
روبا خه‌له‌ف، 26 ساڵ، كه ده‌رچووی به‌شی ده‌رمانسازییه، سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵمه‌ته‌كه ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، له چوارچێوه‌ی رێكخراوه‌كه‌یاندا، چه‌ندین بیرۆكه‌یان هه‌بووه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵمه‌تی بۆ ده‌ستپێبكه‌ن، یه‌كێك له‌وانه‌ی نه‌تاشینی ریش بوو له‌لایه‌ن پیاوان و گه‌نجان، دواتریش بیرۆكه‌ی ئه‌وه‌یان بۆ هاتووه كچان هانبده‌ن ده‌ستبه‌رداری ماكیاژ بن.
روبا كه ئێستا قوتابی ماسته‌ره له ئیتاڵیا روونی ده‌كاته‌وه، ئه‌ندامانی رێكخراوه‌كه، به تایبه‌تیش كچان، بیرۆكه‌كه‌یان زۆر به دڵ بوو و له كۆتایی ساڵی رابردوو، نزیكه‌ی مانگێك و نیو ئاماده‌كارییان بۆ هه‌ڵمه‌ته‌كه كردووه و سه‌ره‌تای ئه‌مساڵیش ده‌ستیانپێكرد.
سه‌رپه‌رشتیاری هه‌ڵمه‌ته‌كه ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، ئامانج لێی تیشك خستنه‌سه‌ر مه‌ترسییه‌كانی كه‌رسته‌كانی جوانكارییه، وه‌ك ماكیاژ و تۆز و سووراوه‌كان، ئامانجی دووه‌میش بڵاوكردنه‌وه‌ی رۆشنبیری جوانیی سرووشتییه و ده‌ڵێت: "ده‌مانه‌وێت ئه‌وه به كچان بگه‌یه‌نین ئه‌گه‌ر به‌بێ ماكیاژیش بچێته ده‌ره‌وه هه‌ر جوانن، پێویسته له‌لایه‌ن خه‌ڵكیش رێزلێگیراو بن و ئه‌گه‌ر به‌بێ ماكیاژ ده‌ركه‌وتن پرسیاری ئه‌وه‌یان لێنه‌كرێت كه ئایا نه‌خۆشن یان بێتاقه‌ت بۆیه به‌و شێوه‌یه ده‌رده‌كه‌ون".
روبا دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه، هه‌ڵمه‌ته‌كه‌یان به مانای ئه‌وه نییه كچان به یه‌كجار ده‌ستبه‌رداری ماكیاژ بن و واز له‌و كه‌رستانه بهێنن كه بۆ پێست باشه، به‌ڵكو مانای ئه‌وه‌یه ته‌نها له ماوه‌ی مانگی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ر، واتا یه‌كه‌م مانگی ساڵی 2019 له ماكیاژ دووربكه‌ونه‌وه، چونكه ئه‌و كاره بۆ پێستیشیان باشه و كه‌لوپه‌لی جوانكاری مادده‌ی كیمیاییه و زیانی بۆ پێست زۆره.
له باره‌ی بۆچوونه نه‌رێنییه‌كان به‌رامبه‌ر به هه‌ڵمه‌ته‌كه، روبا رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و كاره پێویستی به روونكردنه‌وه‌یه بۆ لایه‌نی دووه‌م و خاوه‌ن بۆچوونه نه‌رێنییه‌كان، چونكه ئه‌وان واده‌زانن ته‌نها گاڵته‌یه‌كه و ته‌واو، به‌ڵام نه‌خێر ئه‌و كاره ره‌هه‌ندی دوورتری هه‌یه و هه‌ستی هه‌ندێك له به‌شداربووان بریندارده‌بێت.
سه‌باره‌ت به رۆڵی كوڕان و گه‌نجانیش روبا باس له‌وه ده‌كات، رۆڵێكی دیاری‌یان هه‌یه، چونكه پشتیوانی ئه‌وان و هاندانی ئه‌وان بۆ كچان بۆ دووركه‌وتنه‌وه له ماكیاژ و باسكردن له مه‌ترسییه‌كانی ئه‌و تۆز و هاڕڕاوانه‌ی جوانكاریی، كاریگه‌ریی ئه‌رێنی له‌سه‌ر كه‌سایه‌تی كچان ده‌بێت و وا ده‌كات به‌رده‌وام بن.
بۆچی هه‌ڵمه‌ته‌كه یه‌ك مانگه؟
روبا باس له‌وه ده‌كات، جۆری پێست و ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ی جوانكاریی به‌كاریان ده‌هێنن، جیاوازه، ره‌نگه بۆ ماوه‌ی یه‌ك دوو رۆژ كاریگه‌رییان به‌ده‌رنه‌كه‌وێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێت و ماوه‌ی مانگێك دووربكه‌ونه‌وه، ئه‌وكات به روونی كاریگه‌ریی خراپی ماكیاژ له‌سه‌ر پێست ده‌رده‌كه‌وێت، مانگێك ماوه‌یه‌كی باشه بۆ ئه‌وه‌ی پێست بتوانێت به‌بێ هیچ كه‌لوپه‌لێكی جوانكاریی، بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر جوانیی سرووشتیی خۆی.
ئه‌و رێكخراوه له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك، په‌ڕه‌ی تایبه‌تییان هه‌یه، كه زیاتر له ملیۆنێك فۆلۆوه‌رزی هه‌یه، هه‌ڵمه‌ته‌كه‌شیان له‌و تۆڕه‌وه ده‌ستپێكردووه، هه‌ر خانمێكیش ده‌توانێت به‌شداری له هه‌ڵمه‌ته‌كه بكات، به‌ڵام پێویسته دیزاینی تایبه‌تی خۆیان له‌سه‌ر وێنه‌ی پرۆفایلی خۆی دابنێت و هاشتاگی (#خلي_البدر_يطلع_شهر) دابنێت.
دكتۆر روبا له باره‌ی گرنگیدان به پێست به شێوه‌یه‌كی درووست، روونی ده‌كاته‌وه، گرنگترین هه‌نگاو بۆ هه‌بوونی پێستێكی جوان، خواردنه‌وه‌ی بڕێكی زۆری ئاوه، بۆ ئه‌وه‌ی پێست هه‌میشه شێداربێت و وشك نه‌بێته‌وه، به‌كارهێنانی هه‌ندێك جۆری كرێم بۆ پێستی وشك ئاساییه.
به‌بێ ماكیاژ گه‌نجتر ده‌رده‌كه‌ون
ئایه ئیسماعیل، قوتابی ده‌رمانسازییه له سووریا و باس له‌وه ده‌كات، ئه‌و پابه‌ندی هه‌ڵمه‌ته‌كه بووه، چونكه پێش ماوه‌یه‌ك به هۆی كه‌لوپه‌لی جوانكاری ئازار به چاوه‌كانی گه‌یشتووه، هاوكات ئه‌زموونێكی خراپیشی له‌گه‌ڵ كه‌لوپه‌له‌كانی جوانكاری هه‌یه.
ئایه هه‌وڵیداوه كچه هاوڕێكانیشی هانبدات به‌شداری هه‌ڵمه‌ته‌كه بكه‌ن و بۆ ماوه‌ی مانگێك له ماكیاژ دووربكه‌ونه‌وه و ده‌ڵێت: "هه‌موو شتێك له‌سه‌ر سرووشتی خۆی جوانتره، پێویسته له‌سه‌ر كچان خۆیان له‌لا قه‌بووڵ بێت وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ن و پێویست ناكات چاوه‌ڕوانی كاردانه‌وه‌ی كه‌سانی به‌رامبه‌ریان بكه‌ن".
له باره‌ی توانجی خه‌ڵكیش روونی ده‌كاته‌وه، یه‌كه‌مجار به‌بێ ماكیاژ ده‌ركه‌وتم وایانزانی نه‌خۆشم، به‌ڵام ئێستا راهاتوون و وا هه‌ست ده‌كه‌ن به‌بێ ماكیاژ جوانترم، هه‌روه‌ها بچووكتریش ده‌رده‌كه‌وم.
ئه‌و كچه هیواداره كچانی دیكه‌ش ده‌ستبه‌رداری ماكیاژ بن، چونكه ماكیاژ، جوانیی سرووشتی سڕیوه‌ته‌وه و ئێستا هه‌مووان له یه‌ك ده‌چن، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش پێست به‌بێ ماكیاژ هه‌ناسه‌یه‌ك ده‌دات و سرووشتی ده‌بێته‌وه، له جیاتی كرێمیش هه‌فتانه به هه‌ڵم مه‌ساجێك بۆ ده‌موچاوی خۆی ده‌كات.
ره‌خنه و گاڵته
ئيمان ئۆلجه، قوتابی ئه‌ده‌بی فه‌ره‌نسی له جه‌زائیر باس له‌وه ده‌كات، له‌سه‌ره‌تاوه به كه‌می ماكیاژی به‌كارهێناوه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌ڵمه‌كه‌ته به یه‌كجاری ده‌ستبه‌رداری بووه و ده‌ڵێت: "هه‌موومان مرۆڤین و په‌ڵه و ناشیرینی له پێستمان هه‌یه، به‌ڵام پێویسته له‌گه‌ڵ ئه‌و پرسه‌دا ئاشت بینه‌وه و هه‌وڵبده‌ین به شێوه‌یه‌كی درووست چاره‌سه‌ری بكه‌ین، نه‌ك به‌كارهێنانی كه‌رسته‌ی جوانكاریی".
باس له‌وه‌ش ده‌كات، له ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاریدا هه‌ندێك زیبكه له ده‌موچاوی ده‌ركه‌وتووه، به‌ڵام كاتێك هه‌وڵیداوه به ماكیاژ بیانشرێته‌وه، بۆی ده‌ركه‌وتووه خراپتری كردووه و زیانی به پێسته‌كه‌ی گه‌یاندووه، بۆیه وایكردووه متمانه‌ی به‌خۆی بێت و له‌و كاره دوور بكه‌وێته‌وه، له جیاتی ئه‌وه‌ش ئاو زۆر بخواته‌وه و وه‌رزش بكات.
ئه‌زموونی ئیمان به‌بێ ره‌خنه نه‌بووه و هاوڕێ كچه‌كانیشی ره‌تیان كردووه‌ته‌وه به‌بێ ماكیاژ بێنه ده‌ره‌وه، هاوكات به‌ویش ده‌ڵێن ماكیاژ بكات و پێیان گوتووه: "به‌و شێوه‌یه كوڕان سه‌یرت ناكه‌ن".
خودی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ش به‌بێ ره‌خنه و ده‌سته‌واژه‌ی گاڵته‌ئامێز نه‌بووه و هه‌ندێك له كوڕان و ته‌نانه‌ت كچانیش، له‌سه‌ر تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان گاڵته‌یان پێده‌كه‌ن و ده‌ڵێن: "به‌و هه‌ڵمه‌ته كچان رێك له كوڕان ده‌چن و ره‌نگه بخرێنه خزمه‌ت سه‌ربازییه‌وه".
ئ. م