بە بەھاترین گای جیھان عاشقی وێسكییە
K24 - ھەولێر
لە ھیندستان گایەك بەھۆی دەگمەنی لە باڵا و بەرزییەكەیەوە بە بەھاترین گا لە جیھان دەستنیشانكرا، گایەكە رۆژانە دەیان كیلۆ سێو و گیزەر و دانەوێڵە دەخوات و شەوانە بە رێژەیەكی زۆر وێسكی دەخواتەوە. خەرجی رۆژانەی نزیكەی 45 دۆلار و نرخی فرۆشتنی خۆشی زیاتر لە 3 ملیۆن دۆلارە.
ئەو گایە بەرزییەكەی زیاتر لە 5 پێیە و درێژیەكەی 14 پێیە و دوو ھێندەی گایەكی ئاساییە، ئەمەش بە گەورەترین و بە بەھاترین گا لە جیھان دەستنیشانكرا و نازناوی سوڵتانی ھیندی پێبەشخرا.
ئەو گایە یاخود سوڵتانی ھیندی رۆژانە 10 كیلۆ شیر، 15 كیلۆ سێو، 20 كیلۆ گێزەر، 10 كیلۆ دانەوێڵە و 10 بۆ 12 كیلۆ گەڵای سەوز دەخوات، خەرجی رۆژانەی دەگاتە 39 بۆ 43 دۆلار. گایەكە حەزێكی تایبەتی بۆ خواردنەوە كحولییەكان ھەیە و ئەگەر پێی بدرێت شەوانە چەندین بوتڵ وێسكی تایبەت دەخواتەوە و ھەفتانە دوو رۆژ خۆی دەشوات.
ناریش كۆمار، خاوەنی گایەكە دەڵێت: "ھەموو بەیانییەك، نزیكەی 5 كیلۆمەتر بە پێدەڕوات و ھەموو ئێوارەیەكیش شووشەیەك وێسكی دەخواتەوە".
ھەروەھا لاخفیر سینگ، راھێنەری ئەو گایە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات: "ئەوە باشترین گایە لە ھندستان، خەڵك لە ھەموو شوێنێكەوە دێن بۆ بینینی و بێچووەكانی تەندروستیان زۆر باشە، بەڵام ئەوان خواردنەوە كحولییەكان ناخۆنەوە.
ئەو گایە كە بە سوڵتان ناسراوە، چەندین خەڵاتی لە ھیندستان بەدەستھێناوە، بەجۆرێك خەڵاتی یەكەمی 7 پێشبركێی بردووەتەوە. میدیاكانی ئەو وڵاتە ئاماژەیان بەوە داوە كە سوڵتان گایەكی دەگمەنە لە تەواوی جیھان و نرخەكەشی زیاتر لە 3 ملیۆن دۆلارە.
ھ.م