توێژینەوەیەک کاردانەوەی فریودەری مرۆڤ بۆ مردن ئاشکرا دەکات

بۆچی مرۆڤ وادەزانێت بۆ هەمیشە دەژی؟

K24 – هه‌ولێر:

مێشکی مرۆڤ بەجۆرێک پێکبەستراوە، وامان لێدەکات بڕوابکەین مردن تەنها لە خەڵکیدا روودەدات ئەمەش بۆ ئەوەی رێگریمان لێ بکات لەوەی بەردەوام بیر لە مردن بکەینەوە.

توێژەران ئاشکرایانکردووە، ئەوەی ئێستا ئەم ساتە بەخۆشی بەسەر دەبەیت و ترست لە داهاتوو نییە، بۆ چۆنیەتی پێکبەستن و کارەکانی مێشک دەگەڕێتەوە. مێشکمان بڕوامان پێدەهێنێت کە ئێمە بۆ هەمیشە دەژین.

یایر دۆر زیدەرمان، پزیشک لە زانکۆی بار ئیلان لە ئیسرائیل بە رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی گوتووە: "کاتێک مێشک زانیاری لەبارەی مردن وەردەگرێت، وامان لێدەکات بڕوا بکەین کە ئەوە شتێکی باوەڕپێکراو نییە".

مانگی داهاتوو، ئەو توێژەرانەی تاقیکردنەوەیان لەو بارەیەوە کردووە، تەواوی وردەکاری توێژینەوەکەیان بڵاودەکەنەوە.

لە توێژینەوەکە، چەند تاقیکردنەوە و پشکنینی پزیشکیی ئەنجامدراوە.

لە یەکێک لە تاقیکردنەوەکان، کەسێکیان بەرامبەر بە شاشەیەک داناوە و چەند جارێک بە خێرایی وێنەی دەموچاوی و خۆی و کەسێکی بیانیان نیشانداوە،  لە دواجاردا کەسەکە وێنەی کەسێکی بینیوە کە نە خۆی بووە و نە کەسە بیانییەکە بەڵکو کەسێکی تەواو جیاواز. ئەمەش وای لە توێژەران کرد کە هەست بەو تایبەتمەندییەی سیگناڵی مێشک بکەن کاتێک رووبەڕووی شتێکی نەویستراو دەبێتەوە.

H.J