قوتابييه‌ك هه‌ردوو ده‌ستى نييه‌ و به‌ پێیەكانی دەنووسێت

یەكێكە لە قوتابییە زیرەك و لێھاتووەكان
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

منداڵێکی تەمەن شه‌ش ساڵان ھەرچەندە لە سکماکەوە ھەردوو دەستی نییە، بەڵام  پێیەکانی شوێنی دەسته‌كانی بۆ گرتوونەتەوە و یەکێکە لە خوێندکارە لێھاتووەکانی قوتابخانەکەی، دایکی ده‌ڵێت "ئەرکی قورسە و دەبێت ھەموو رۆژێك لەگەڵی بم لە قوتابخانە، نیگەرانیشە لەوەی رێژەی کەمئەندامی كوڕه‌كه‌ی لە 100% کەچی ھیچ مووچەیەکی بۆ نەبڕدراوەتەوە.

كۆشیار سەلام، منداڵێكی تەمەن شەش ساڵە و قوتابی پۆلی یەكەمی بنەڕەتییە لە یەكێك لە قوتابخانەكانی سلێمانی ئەو خاوەن پێداویستی تایبەتە و ھەردوو دەستی نییە، بەڵام ئەوە نەبووەتە رێگر كە لە ھاوتەمەنەكانی داببڕێت و نەچێتە قوتابخانە.

پێیەکانی شوێنی دەستیشی بۆ گرتووەتەوە، حەزێكی زۆری بۆ خوێندن و نووسینەوە ھەیە، یەکێکیشە لە خوێندکارە زیره‌ك و لێھاتووەکان. چالاکە لە بەشداریکردنی وانەکان، مامۆستاکانیشی گرنگییەکی تایبەتیان پێداوە، تا کۆشیار زیاتر بەرەو پێشەوە ھەنگاو بنێت.

کۆشیار ھەر لە سكماکەوە ھەردوو دەستی نییە، ھەر کات لە قوتابخانە بگەڕێتەوە، دایکی لێی دانابڕێت، وشە بەوشە، دێر بەدێر لەگەڵ ئەبێت تا وانەکانی بەباشی فێربێت و خۆی بۆ ڕۆژێکی نوێ ئامادە بکات.

نەرمین ئه‌گه‌رچی ماندووە بەدەست کوڕە خاوەن پێداویستە تایبەتەکەی، بەڵام دڵخۆشە بە بەھرەمەندی کوڕەکەی.

کۆشیار ھەمیشە وەك ھەر منداڵێکی تر حەزی لە یاریکردنە، بەڵام جیاواز لەمنداڵانی تر بەبێ دەست ھەر یاریەک بیەوێت ئەنجامی دەدات.