باوكێك گوێچكەكانی دەبەخشێتە كچەكەی
K24 - سلێمانی
لە ھەر 50 ھەزار کەس لە جیھان، یەکێك تووشی نەخۆشی کەمی کرۆمۆسۆم دەبێت، لیای 9 ساڵان، دانیشتووی سلێمانی یەکێکە لە تووشبوانی ئهو نەخۆشیە، ئێستا پێویستی بە چاندنی گوێ ھەیە تا لەلایەک ببیستیت و لەلایەکیش روخساری جوان دەربخات، باوکیشی ئەو بڕیارە دەدات گوێیەكانی خۆی بە کچەکەی ببەخشێت و لیاش سوپاسی باوکی دەکا و پێی دەڵێت "تۆ دڵی منیت".
لیا باش دەزانێ رێبینی باوکی چ قوربانییەکی بۆ دەدا تا بە روخسارێکی جوانەوە بچێتەوە نێو کۆمەڵگا. چەند مانگێکی تر ئیدی رێبین بێ گوێ دەمێنێتەوە و گوێیەکانی خۆی پیشکەشی کچە گەورەکەی دەکا.
رێبین محەمەد، باوكی لیا بە كوردستان24ی گوت: "بە كارێكی پیرۆزی دەزانم كە گوێیەكانم بە كچەكەم ببەخشم، داواش لە ھەموو ئەو دایك و باوكانە دەكەم كە منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەتیان ھەیە لە پشت منداڵەكانیان بن، بۆ ئەوەی داھاتوویەكی جوانیان ھەبێت و پێویستیان بە خەڵكی تر نەبێت".
لیا بهدهم یاری ماڵە بەجێنا، فێری ژمارەکان دەکرێ. ئەو نەچووەتە قوتابخانە، بەڵام دایک و باوکی روڵی مامۆستا دەبینن و بەردەوام ھەوڵی فێركردن و پێگهیاندنی دەدەن.
شێنی قادر، دایكی لیا سوپاسگوزاری ھاوسەرەكەیەتی و دەڵێ: "دەستخۆشی لە رێبین دەكەم و ئەوەی ئەو بۆ كچەكەی دەكات كەم باوك ئەوە دەكات، ئەو نموونەی باوكە".
لیا تەمەنی نۆ ساڵی تێپەڕاندووە، تائێستا 10 نەشتەرگەری گەورەی بۆ کراوە و پێویستی بە سێ نەشتەرگەری دیکەش ھەیە. پزیشکە ئەڵمانییەکان گوتوویانە گوێی باوکی بۆ دەبێت و رێژەی سەرکەوتنیشی 100% دەبێت، لیاش بەم ھەنگاوە دڵخۆشە و دەڵێت باوکم دڵی منە.
ھ.م