ره‌مه‌زان به‌سه‌ر زیندووه و به به‌ڵگه‌نامه‌ش مردوو
K24 - هه‌ولێر:
چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه چیرۆكی پیاوێكی میسری، له سه‌رتاپای ئه‌و وڵاته بڵاوبووه‌ته‌وه، كه دوای سێ رۆژ له به‌خاكسپاردنی ته‌رمه‌كه‌ی، گه‌ڕاوه‌ته‌وه و له ده‌رگای ماڵه‌وه‌ی داوه و گوتوویه‌تی: "من زیندووم".
ئه‌و پیاوه ناوی ره‌مه‌زان عه‌لائه‌دینه و ته‌مه‌نی 30 ساڵانه، نیشته‌جێی گه‌ڕه‌كی "عه‌ره‌ب غه‌نیم"ی ناوچه‌ی "حه‌لوان"ی باشووری قاهیره‌ی پایته‌ختن، چه‌ند رۆژێك به‌ر له ره‌مه‌زانه‌وه بێسه‌روشوێن بووه، كه‌سوكاره‌كه‌شی هه‌واڵی پۆلیس ده‌ده‌ن و بۆی ده‌گه‌ڕێن.
دوای ماوه‌یه‌ك پۆلیس هه‌واڵی ماڵه‌كه ده‌دات كه ته‌رمێكیان له رووباری نیل دۆزیوه‌ته‌وه، كاتێك ته‌رمه‌كه ده‌بینن، ئه‌گه‌رچی به‌هۆی ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ناو ئاو ماوه‌ته‌وه شێواوه، به‌ڵام به هه‌ندێك نیشانه كه له مل و سینگی هه‌بووه له‌گه‌ڵ درێژی باڵای، ناسیویانه‌ته‌وه و گوتوویانه كه كوڕه‌كه‌یانه.
هه‌ر بۆیه به‌ڵگه‌نامه‌ی مردنی بۆ ده‌رده‌هێنن و رێگه‌پێدانی حكوومه‌ت وه‌رده‌گرن بۆ ئه‌وه‌ی ته‌رمی كوڕه‌كه‌یان به خاكسپێرن.
تا ئێره ئاساییه و ده‌كرێت رووبدات، به‌ڵام دوای بهخاكساردن و رێوڕه‌سمی پرسه، له سێیه‌م رۆژدا ره‌مه‌زان ده‌گه‌ڕێته‌وه ماڵه‌كه و له ده‌رگا ده‌دات، پێیان ده‌ڵێت كه زیندووه و نه‌مردووه.
سه‌ره‌تا كه‌سوكاره‌كه‌ی لێی به‌گومان ده‌بن و گریمانه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ن، كه‌سێكی دیكه بێت بیه‌وێت خۆی به كوڕی ئه‌وان له قه‌ڵه‌م بدات، بۆیه له باره‌ی چه‌ند رووداوێكی ناو خێزانه‌كه‌یان پرسیاری لێده‌كه‌ن، له به‌رامبه‌ریشدا هه‌موو ورده‌كارییه‌كان ده‌زانێت، بۆیه له كۆتاییدا بۆیان روون ده‌بێته‌وه كه كوڕه‌كه‌ی خۆیانه.
ره‌مه‌زان كه پیشه‌ی چێشتلێنه‌ره، باس له‌وه ده‌كات، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كێشه‌ی له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌یدا هه‌بووه، نه‌یویستووه پێی بڵێت بۆ كاركردن ده‌چێته كوێ. به گوته‌ی خۆیشی له‌و ماوه‌یه‌دا، بۆ كاركردن چووه‌ته ئه‌سكه‌نده‌رییه.
هۆكاری گه‌ڕانه‌وه‌شی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌رێته‌وه، كه له چه‌ند هاوڕێیه‌كی هه‌واڵی ئه‌وه‌ی پێگه‌یشتووه، له ماڵه‌وه‌یان واده‌زانن مردووه و پرسه‌یان بۆ داناوه، بۆیه هاتووه‌ته‌وه تا پێیان بڵێت هێشتا له ژیاندا ماوه.
ئێستا كه‌سوكاره‌كه‌ی دڵخۆشن به‌وه‌ی كوڕه‌كه‌یان هێشتا زیندووه و له‌ناویاندا ده‌ژی، به‌ڵام له‌لایه‌كی دیكه‌وه دووچاری كێشه‌یه‌كی دیكه‌ی یاسایی ده‌بن، به‌و پێیه‌ی خۆیان له ته‌رمی كه‌سێكی دیكه به خاوه‌ن كردووه و به خاكیان سپاردووه.
ئێستا ره‌مه‌زان، به‌سه‌ر زیندووه و به به‌ڵگه‌نامه‌ش مردوو، ئه‌وه‌ش وا ده‌گه‌یه‌نێت ئه‌وان ساخته‌كارییان له به‌ڵگه‌نامه فه‌رمییه‌كانی حكوومه‌تدا كردووه، چونكه وه‌فاتنامه‌یان بۆ كه‌سێك ده‌رهێناوه كه هێشتا له ژیاندا ماوه.
ئێستاش پارێزه‌ری ماڵه‌كه، به بیانووی ئه‌وه‌ی هیچ نیازێكی خراپ له پشته‌وه‌ی رووداوه‌كه نه‌بووه، داوای له فه‌رمانگه حكوومییه‌كان كردووه به‌ڵگه‌نامه‌كان چاك بكرێنه‌وه، به‌ڵام به‌بێ لێكۆڵینه‌وه‌ی پۆلیس ده‌ربازیان نابێت.
سه‌رچاوه: العربیة
ئ. م