کاریگەری تەمەنی باوکان لەسەر تەندروستی منداڵ و هاوسەرەکانیان ئاشکرا دەکرێت

منداڵ دووچاری چ نەخۆشییەک دەبێت کاتیک باوکی بە تەمەنە؟

K24 – هه‌ولێر:

زۆرجار باس لە کێشە تەندروستییەکانی منداڵ دەکرێت کاتێک دایکەکە تەمەنی زۆرە، بەڵام کەم کەس باس لە تەمەنی باوک و تەندروستی کۆرپەلە دەکات.

باوکان لەم سەردەمە، بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی، زۆرترین تەمەنیان هەیە کاتێک منداڵێک دەهێنە ژیانەوە، واتە پیاوان زۆر درەنگتر لە پیاوانی سەردەمانی پێشوو دەبنە باوک.

هیلاری براون، توێژەری منداڵبوون لە زانکۆی تۆرۆنتۆی ئەمەریکا بە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی گووتووە: "لە چەندین ساڵی رابردوو، ئێمە گرنگیمان بە تەمەنی دایک و تەندروستی منداڵ داوە، بەڵام تەمەنی باوکانیش کاریگەری زۆری هەیە".

بەگوێرەی نوێترین توێژینەوە، زۆری تەمەنی باوکان چەند زیانێکی بۆ کۆرپەلە دەبێت ئەوانیش: زوو لە دایکبوونی، کەمی کێشی، گەشکە و کەمبوونەوەی ئەگەری بە زیندووی مانەوە.

تەمەنی زۆری باوکان تەنها کێشە بۆ منداڵان دروست ناکات، بەڵکو بە گوێرەی ئەو توێژینەوە ئەمەریکییە، ئەگەری تووشبونی دایکان بە نەخۆشی شەکرە زیاتر دەکات.

میشێل ئایزنبێرگ، پزیشیکی پایە بڵند و پسپۆڕی بواری منداڵبوون و نەشتەرگەری لە سکوڵی پزیشکی زانکۆی ستانفۆرد ئاشکرایکردووە: "ئەو باوکانەی لەسەروو 45 ساڵیەوە منداڵ دروست دەکەن، منداڵەکانیان بە رێژەی 12% کێشەی تەندروستیان زیاتر دەبێت بە بەروارد بەو باوکانەی تەمەنیان لە بیستەکان و سییەکانە. ژنەکانیشیان بە رێژەی 28% ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی شەکرە زیاد دەکات".

دەشڵێت: "جیا لەوانەش، منداڵەکە لە دوای لە دایکبوونی کێشەی هەناسە و حاڵەتی کتوپڕی زیاتر دەبێت".

هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، تۆواو و سپێرمی پیاوان، کوالیتیان کەمتر دەبێت کاتێک تەمەنیان زیاد دەکات، ئەمەش جیا لەو کێشە تەندروستیانە، ئەگەری پیتاندنی هێلکەش کەم دەکاتەوە.

The New York Times

H.J