دوو بچوکترین گۆڕهەڵکەنی جیهان بناسە
K24 – ههولێر:
جەوادی 8 ساڵ و یازانی 15 ساڵ، دوو بچوکترین گۆڕهەڵکەنن لە سووریا و شایەتی زۆرێک لە کارە دڕندانەکانی داعش و کوشتنی کەسانی بێ گوناح دەدەن.
ئەم دوو منداڵە، دەبوو رۆژانە بچنە قوتابخانە، بەڵام بەهۆی هەژاریی و جەنگی سووریاوە، گۆڕ هەڵدەکەنن و بژێوی ژیانیان پەیدا دەکەن.
هەموو رۆژێک کاتژمێر 6ی بەیانی ئەم دوو منداڵە دەچنە سەر کار و تا خۆرئاوا بوون ناگەڕێنەوە، بۆخۆیان خەڵکی حەلەبن و زۆرێک لە ئەندامانی خێزانەکانیان بەهۆی جەنگ و بۆردومانی ئاسمانی گیانیان لەدەستداوە.
لەبارەی قوربانییەکان، جەواد دەڵێت: "داعش سەری هەموو قوربانییەکانی لێ دەکردەوە، دواتریش تەرمی ژن و منداڵەکانی لە گۆڕەپانەکانی شار هەڵدەواسی".
لەبارەی ژیانی پێش بوونی بە گۆڕهەڵکەن: "لە حەلەب لەگەڵ هاوڕێکانمان بە ئۆتۆمبێل و فڕۆکەی بچووک رۆژانە یاریمان دەکرد، بەڵام ئێستا ئەو یارییە ناکەم چونکە ئەوان هەموویان کوژران".
یازانیش لەگەڵ ماڵی پوور و مامی لە حەلەب کاری جووتیاری کردووە، بەڵام بۆمب و تەقەمەنی ژیانی گۆڕیوە.
لە گێڕانەوەی چیرۆکی خۆی بە ماڵپەڕی دەیلی مەیلی گوتووە: "بۆ هێنانی نان چووم بۆ ماڵی دراوسێیەکمان، کاتێک گەڕامەوە، بینیم ماڵی مامم بۆردومان کرا. گوێم لە هاواری مامم بوو".
"لەگەڵ مامم چوینە سەر ماڵە وێرانەکەی و هەوڵی دەرهێنانی منداڵەکانی ماممان دەدا. مامم توانی منداڵەکانی رزگار بکات و کەسیان نەمردن".
لەبارەی ئەزموونی کارەکەی دەڵێت، ناخۆشترین سات ئەوەیە، دەمووچاوی کەسێکی بێ تاوان دەبینی کە کوشتویانە، دەبێت ئێمە ئەوان بنێژین. هەندێکیان پارچە پارچە کراون و لەناو عەلاگەدا بۆمان دەهێنن".
ئەگەرچی رۆژانە کارێکی زۆر ئەنجام دەدەن، بەڵام تەنها یەک هەزار لیرەی سووری کە دەکاتە نزیکەی یەک دۆلار و نیو پەیدا دەکەن.
جەوادی 8 ساڵ لەبارەی ترس لە کارەکەی دەڵێت: "من ناترسم، ئەوانەی دەمرن ژیانیان تەواو دەبێت".
دەشڵێت: "تەرمی خەڵکی گەورە بە ئامێر (کۆمپرێسەر) دەکۆڵین، بەڵام ئەگەر قوربانیەکە منداڵ بێت، بە خاکەناز گۆڕەکەی دەکێڵین".
خەونی جەواد ئەوەیە، بچێتە قوتابخانە و فێری چاککردنەوەی ئامێری کارەبایی بێت، تاکو بتوانێت پارە پەیدا بکات و کەلوپەلی یاریکردنی پێ بکڕێت.
H.J