سەرتاشێك لە قامشلو گوێزانی موشتەرییەکانی كۆدەكاتەوە

تائێستا گوێزانی 400 موشتەری كۆكردووەتەوە
kurdistan24.net

K24 - قامشلۆ

سەرتاشێک لە قامشلو نزیکەی 400 گوێزانی موشتەرییەکانی خۆی کۆکردوەتەوە، ئەو چیرۆکی ھەموویان دەزانی و باس لەوە دەکات ئەو کەسانە بەشێکیان شەھید بوون و بەشێکی زۆرشیان لە رۆژئاوای كوردستان نەماون و ئێستا تەنیا بەشێکی کەم سەردانی دەکەن، بەڵام ئەو گوێزانەکانی وەک بیرەوەری ھەڵگرتوە و دەڵێ، زۆر جار کەسوکاری ئەوانەی نەماون و دێن و داوای گوێزانەکان دەکەن، بەڵام ئەو تا کۆتایی ژیانی لای خۆی ھەڵیان دەگرێت.

سیراج ئەحمەد، یەكێكە لە سەرتاشەكانی شاری قامشلۆی رۆژئاوای كوردستان، ئەو 15 ساڵە 400 گوێزانی موشتەرییەكانی كۆدەكاتەوە و بووەتە ھێمایەك بۆ سەرتاشخانەكەی.

سیراج، بە كوردستان24ی گوت: "سەرەتا ئامانج لە كارەكەم ئەوە بوو كە گوێزان تەنھا یەكجار بەكاردەھێنم و ناوی كەسەكەشم لەسەر دەنووسی، بەڵام دوای زۆر كەس دەستخۆشیان لێكردم و ئێستا ئەو كارەم بووەتە ھێمای دوكانەكەم و بەشێك لەو كەسانەش لە ژیان نەماون و شەھیدبوونە و ھەندێكی دیكەشیان لە وڵاتانی تر دەژین".