ڤایرۆسێکی کوشندە لە چین بڵاودەبێتەوە

رێکخراوی تەندروستی جیهانی داوای کۆبوونەوەی بەپەلە دەکات

K24 – هه‌ولێر:

ڤایرۆسێک بە ناوی کۆرۆنا لە چەند شارێکی چین بڵاوبووەتەوە، چوار حاڵەتیش لە دەرەوەی چین تۆمارکراون.

کۆمیسیۆنی تەندروستی نەتەوەی چین ئەوەی پشتڕاستکردووەتەوە، ڤایرسۆکە دەبێتە هۆی هەوکردنی سییەکان (سیەسۆ)، دەکرێت لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر بگوازرێتەوە.

سەرۆکی چین چارەسەرکردنی ئەو کێشە تەندروستییەی وڵاتەکەی کردووەتە کارە لە پێشینەکانی، کە تا ئێستا دەیان کەس دووچاری بوون و سێ کەس بەهۆیەوە گیانیان لە دەستداوە.

مەترسییەکی زۆری بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسەیش لە وڵاتانی دیکە بەهۆی گەشتی چینییەکان هەیە و هەندێک وڵاتی ئاسیا و ئەمەریکا، بڕیاریانداوە پشکنین بۆ گەشتیارە چینییەکان بکەن، بە تایبەت ئەوانەی لە شاری وهان گەشت دەکەن، ئەو شوێنەی ڤایرۆسەکەی تێدا بڵاوبووەتەوە.

222 حاڵەت تاوەکو ئێستا لە چین تۆمارکراون، هەروەها چوار حاڵەتیش لە ژاپۆن، تایلەند و باشووری کۆریا تۆمار کراون، هیچ چارەسەرێکیش بۆ ڤایرۆسەکە نەدۆزراوەتەوە.

لە ساڵی 2002، ڤایرۆسێکی دیکەی هەمان خێزانی کۆرۆنا لە چین بڵاوبووەوە و بەهۆیەوە 800 کەس گیانیان لەدەستدا.

 Reuters