توێژینەوەیەک: فشاری دەروونی دەبێتە هۆی چەندین نەخۆشی سیستمی بەرگری
K24 – ههولێر:
زانایان بەردەوامن لە دۆزینەوەی بەڵگەی ئەوەی، کە بەکتریاکانی ناو ریخۆڵەکانمان کاریگەرییان لەسەر تەندروستی گشتیمان دەبێت و دوژمنی ریخۆڵەکانیش فشاری دەروونی و خەمۆکییە.
توێژینەوەیەکی نوێ کە لەسەر مشکی تاقیگە ئەنجامدراوە ئاشکرایکردووە، فشارە کۆمەڵایەتییەکان کاردەکەنە سەر رەفتار و پێکهاتەی بەکتریاکانی ناو ریخۆڵەکان، ئەمانەش کار دەکەنە سەر سیستمی بەرگری.
تێكچوونی سیستمی بەرگری کار دەکاتە سەر چەند نەخۆشییەکی بەرگری کە بە Autoimmune disorders ناسراوون و لە جیهاندا، لە هەر پێنج کەسێک، یەکێکیان بەدەست یەکێک لە نەخۆشییەکانی تێکچوونی بەرگرییەوە دەناڵێنێت.
لە تاقیکردنەوەکە، پزیشکان دوو گروپی مشکییان هێنا، بۆ ماوەی 10 رۆژ فشاری رۆژانەیان خستە سەر گروپی یەکەم و گروپی دووەم بە بێ فشار بوون. لە ئەنجامدا بۆیان ئاشکرا بوو، بەکتریاکانی بیلۆفیلا و دێهالۆباکتریۆم کە هۆکاری نەخۆشییەکانی سیستمی بەرگرین گۆڕانیان بەسەردا هاتووە و چالاک بوون.
ئەم جۆرە بەکتریایانە بە هۆی فشار، هێرش دەکەنە سەر شانەکانی لەش و دووچاری هەوکردنیان دەکەن، سیستمی بەرگریش ناچار هێرشیان دەکاتە سەر و وەکو نەیارێک تەماشایان دەکات.
ئۆرلی ئاڤنی، پسپۆڕی سیستی بەرگری مرۆڤ لە زانکۆی بار ئیلان لە ئیسرائیل لەبارەی توێژینەوەکەیان رایگەیاند: "ئێمە ئاشکرامان کردووە، پەیوەندییەکی زۆر بەهێز لە نێوان فشاری دەروونی و رەفتار و جووڵەی میکرۆب و زیندەچەکانی ناو لەشی مرۆڤ هەیە".
دیارترین ئەو نەخۆشییانەی بەهۆی تێکچوونی سیستمی بەرگری دووچانمان دەبن بریتین لە:
باداری جوومگەکان
هەوکردنی ریخۆڵەکان
شەکرە
تێکچوونی رژێنی دەرەقی
پێشتریش توێژینەوەکان ئەوەیان ئاشکرا کردبوو کە فشاری دەروونی کاریگەری زۆری لەسەر جووڵەی ریخۆڵەکان هەیە و بە یەکێک لە هۆکارەکانی نەخۆشییەکانی کۆڵۆن، گەدە، دڵ و ریخۆڵەکان دەزانرێت.
Forbes
H.J