جەژن بازاڕی ئارایشتگەکانی گەرم کردووە

"خانمان حەز دەكەن لە بۆنەكان جوانتر دەركەون"
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

چەند رۆژێک پێش بۆنە و جەژنەکان ئارایشتگەکانی خانمان قەرەباڵغی زیاتر بە خۆوە دەبینن، کە چەندین ھەفتە پێشتر نۆرە دەگرن. خانمانیش پێیان وایە دەبێت بە گوێرەی ئەو ستایل و جوانکاریانە ئارایشت و جوانکاری بکەن کە ھاوکاتن لەگەڵ مۆدێل و ستایلە سەردەمیەکان.

یەکێک لەو نەریتانەی چەند رۆژێک پیش بۆنە و جەژن و ئاھەنگەکان لای خانمان ھەیە خۆرازاندنەوە و ئامادەكارییە لە ئارایشتگەکان، تا رۆژانی جەژن و بۆنەكان بە جوانترین شێوە دەرکەون.

زۆرێک لە خانمانی کورد، جگە لە گرنگیدان بە ماڵداری و ئامادەکاریی بۆ پێشوازی جەژنی رەمەزان، گرنگی بە بواری جوانکاریی خۆشیان دەدەن، ھەر بۆیە چەند رۆژێک پێش جەژن ئارایشتگەکانی خانمان جمەیان دێت و تەنیا ئەو کەسانەش وەردەگرن کە ماوەی چەند ھەفتەیەک پێشتر ناویان نووسیوە و نۆرەیان گرتووە.

ھ.م