پشیلەیەك "رۆحێکی" پێشکەش بە کچێکی 7 ساڵە دەكات

كچ و پشیلەیەك پێكەوە لە پەنجەرەیەك دەكەونە خوارەوە

K24 - ھەولێر

كچ و پشیلەیەك پێكەوە لە پەنجەرەیەك دەكەونە خوارەوە، پشیلەكە خۆی بە سەلامەتی دەرچوو باری تەندروستی كچەكەش بەرەو باشبوون دەچێت.

کچێکی تەمەن 7 ساڵە لە شارۆچکەی نەوڤی رووسیا کاتێک چاوەڕوانی دایکی دەکرد بێتەوە لە نهۆمی نۆیەم بەر بووە خوارەوە. ئەو کچە لە ماڵەوە بە تەنها بوو چاوەڕێی دایکی دەکرد بێتەوە ماڵ و لەگەڵی بچنە پیاسە، کچەکە جلی گەرمی زستانی لەبەر بوو و پشیلەکەی لە کۆڵەپشتییەکەی دانابوو، كاتێك چووە پێش پەنجەرەکە و چاوەڕێی دایکی دەکرد، پشیلەکە هەوڵ دەدات خۆی لە کۆڵەپشتییەکە رزگار بکات و ئەمەش دەبێتە هۆی پاڵدانی کچەکە و هەردووکیان لە پەنجەرەکە دەكەونە خوارەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی لەسەر زەوی بەفرێكی زۆر ھەبووە، هەردووکیان بێ زیان رزگاریان بووە.

دوای گەیاندنیان بۆ نەخۆشخانە و پشکنین، پزیشكان دەڵێن، بەخت یاوەری بووە ئەو رۆژە جلی زۆری لەبەر كردووەو کەوتووەتە سەر بەفر و برینی زۆر لە جەستەی نییە.

بەگوێرەی ئاژانسەكانی رووسیا، ھەرچەندە پشیلەکە لەگەڵ کچەکە کەوتووەتە خوارەوە، بەڵام سەلامەتە.

هەروەها وتەبێژی پۆلیسی ئەو شارە رایگەیاند، ئەو کچە بە پەشۆكاوییەكی زۆرەوە گەیەندرایە نەخۆشخانە.

یەکێک لە بەکاربەرانی سۆشیاڵ میدیاش لەمبارەوە نووسی: "پشیلەکە یەکێک لە 9 گیانەکەی خۆی بە کچەکە دا".

 

سەرچاوە: dailymail