دادگای فیدراڵی عێراق بڕیارێك لە بەرژەوەندی ناوچە كوردستانییەكان دەدات

چەند بڕگەیەكی یاسای ھەڵبژاردن ھەموار دەكرێتەوە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا كە چەند بڕگەیەكی یاسای ھەڵبژاردنەكان لە بەرژەوەندی ناوچە كوردستانییەكان ھەموار بكرێتەوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی تانەی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی پەرلەمانی كوردستان كۆبووەتەوە و بڕیاریداوە كە دوو بڕگەی یاسای ھەڵبژاردنەكانی عێراق ھەموار بكرێنەوە كە رێگری دەكرد لە دەنگدانی ئەو ھاووڵاتیانەی لە ناوچە كوردستانییەكان ئاوارە بوونە و لە ھەرێمی كوردستان نیشتەجێن".

گوتیشی: "بریكارێك بە نوێنەرایەتی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی پەرلەمانی كوردستان بەشداری لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی عێراق كردووە".

ھەرچەندە بڕیاربوو دادگای فیدراڵی عێراق 18ی ئەم مانگە لەسەر تانەی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی پەرلەمانی كوردستان كۆببێتەوە، بەڵام كۆبوونەوەكە پێشخراوە.

تانەی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكان دژی چەند بڕگەیەكی یاسای ھەڵبژاردنەكانی عێراقە، كە بەپێی ئەو یاسایە ئاوارەكانی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان كە لە ھەرێمی كوردستان نیشتەجێن، ئەگەر نەگەڕێنەوە ناوچەكانیانا ناتوانن دەنگ بدەن، بەمجۆرەش ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی ناوچە كوردستانییەكان لە دەنگدان بێبەش دەكرێن.

جوان رۆژبەیانی، سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ئەمڕۆ وادەی بڕیاردان بوو لەسەر ئەو تانەی كە لەیاسای ھەڵبژاردنەكانی عێراقمان دابوو لە دادگای فیدراڵی ئامادەبین. خۆشبەختانە مادەی 12 و 16 و 17 لەو یاساییە ھەڵوەشێندرایەوە".

روونیكردەوە: "لە مادەی 12 باس لە فۆڕمی خۆراك و ناوی دەنگدەران دەكات لە لیستی دەنگدەران. ھەروەھا مادەی 16 باسی لەوە دەكرد ئەگەر ئاوارەكان لەناو پارێزگای خۆیان نەبن ناتوانن دەنگ بدەن. مادەی 17 سەپاندنی دەنگدان بوو بەسەر خەڵك لە پێشێلكاریی دەستوورە. ھەرسێ مادەكە لەسەر تانەی ئێمە ھەڵوەشێندرانەوە".