کۆترێک له‌سه‌ر "سیخوڕیی" خرایه‌ زیندانه‌وه‌

"لێپێچینەوەی تووندی لەگەڵ کراوە''

K24 - هه‌ولێر:

بەگوێرەی هەواڵێکی بی بی سی، دوێنێ دووشەمە (11/06/2018)، گەنجێکی دانیشتووی گوندی مانوال لە هیندستان، کۆترێک کە بەشێوەزاری ئوردو چەند نووسین و نیشانەیەکی لەسەر نەخشێندراوە، دەگرێت و رادەستی پۆلیسی دەکات.

پۆلیسیش لە رێگای تیشکی ئێکس ڕەی، پشکنینی بۆ دەکەن و بە گومانی سیخوڕییکردن دەستبەسەری دەکەن.

بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، کاردانەوەی جیاوازی بەدوای خۆیداهێناوە. جیرێمی ماکلێلان، ئه‌كته‌ری كۆمیدیای ئەمەریکی، لە بارەی ئەو کۆترە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی: "یەکێکی دیکە لە سیخوڕەکانم لە پشت دیوارەکانی زیندان دەستبەسەرکرا. هەرگیز لەبیرت ناکەین".

کەسێکی دیکە لە رێگەی پەڕەی تایبەتی خۆی لە تویتەر بەناوی (هەڵۆکانی پاکستان) نووسیویەتی: " بەداخەوە، ئێمە ئەمڕۆ فەرماندەیەکی تیمی فیدایمان بۆ بەرپرسانی هیندستان لەدەستدا. ئێمە تۆمان لەبیر دەبێت وەک پاڵەوان و هەرگیز خزمەتەکانت لەبیر ناکەین".

ئەگەرچی کۆترەکە تاکو ئێستا هیچی بەسەردا ساخ نەبۆتەوە، بەڵام هێشتا لە کونجی زیندانی هیندستان دایه‌.