د. چۆمان هەردی یاسایەکی تایبەت بە دەستدرێژی سێکسی بە کارەسات ناو دەبات

"ژنەکە ناچار دەکرێت شوو بە کەسێک بکات کە دەستدرێژی کردووەتە سەر"

K24 – هه‌ولێر:

د. چۆمان هەردی، بەرپرسی سەنتەری جێندەر، مامۆستای زانکۆ، چالاکوان و شاعیر، رەخنە لە یاسایەکی تایبەت بە پرسی ژنان دەگرێت و بە کارەساتی ناو دەبات.

د. چۆمان هەردی، لە میانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی یەکسانی جێندەریی لە هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند:  "نابێت تەنها چاوەڕێی رێکخراو و چالاکوانەکان بکرێت کە لەسەر پرسی ژن بێنە دەنگ و لە کاتی کوشتنی ژنێکیش ئەوان تۆمەتبار بکرێن. دەبێت خەڵک و حکوومەت بڕوایان بە یەکسانی جێندەریی هەبێت و بە پرسێکی هەمە لایەن تەماشا بکرێت".

د. چۆمان راشیگەیاند، چاکسازیی لە هەندێک یاسادا کراوە لەبارەی پرسی ژن، بەڵام ئەگەر سەیری دادگاکانی هەرێمی کوردستان بکەین، ئەو یاسایانە جێبەجێ ناکەن چونکە کەلتووری دادگاکان، کەلتوورێکی پیاوسالارە. تاوەکو ئێستا ئێمە هچ لێکۆڵینەوەیەکمان لەبەر دەست نییە کە بزانین ئەو هەواڵانەی لەبارەی پرسی ژن دەچنە بەردەم میدیا و پۆلیس و پزیشکی دادوەریی بەشێوەیەکی تەندروست مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت".

رەخنەی لە یاسایەکی تایبەت بە دەستدرێژکردنە سەر ژنان لە هەرێمی کوردستان و عێراق گرت و روونیکردەوە، ئەگەر پیاوێک دەستدرێژی سێکسی بکاتە سەر ژنێک، بەڵام دوای ئەوەی بیخوازێت، ئەوا دەستدرێژیکارەکە ناچێتە زیندانەوە. ئەمەش کارەساتێکی گەورەیە چونکە کەسێک ناچار دەکرێت، هاوسەرگیریی لەگەڵ کەسێک بکات کە دەستدرێژی سێکسی کردووەتەوە سەر.