دایک و باوکان شەش ساڵ دوای لە دایکبوونی منداڵێکیان تەندروست ناخەون

دایکان ماندووتر دەبن

K24 – هه‌ولێر:

تاوەکو منداڵ دەچێتە باخچەی ساوایان، دایک و باوکان بەشێوەیەکی رێک و تەندروست ناخەون.

گۆڤاری Sleepی سەر بە زانکۆی ئۆکسفۆرد توێژینەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا باس لە تێکچوونی خەوی دایک و باوکان دەکات، لە دوای لە دایکبوونی منداڵ.

بەگوێرەی توێژینەوەکە، کاتێک تەمەنی منداڵ دەگاتە سێ مانگ، دایک و باوکان کەمترین کات دەخەون، بەشێوەیەکی گشتی و لە ماوەی شەش ساڵدا، رۆژانە دایکان کاتژمێرێک و باوکانیش 15 خولەک کەمتر دەخەون.

ساکاری لێمۆلا، پرۆفیسۆر لە زانکۆی وارویک لە بەریتانیا دەڵێت: "دایکان ئەرکی زیاتریان لەسەرە و کەمتر دەنوون، بەڵام لەگەڵ لە دایکبوونی هەر منداڵێک، دایک و باوکان بۆ ماوەی شەش ساڵ بەشێوەیەکی تەواو ناخەون".

پسپۆڕان هۆشداریی دەدەنە دایک و باوکان کە فەرامۆشکردنی خۆیان و گوێ نەدانە کاتژمێرەکانی خەو، زیانی زۆریان پێدەگەیەنێت لە داهاتوودا.

دەبێت دایک و باوکان هەر لە سەرەتاوە منداڵەکانیان فێری خەوتن لە کاتی خۆیدا بکەن تاکو بتوانن بەشێوەیەکی رێکخراو کاتەکانیان دابەش بکەن.

Fox News

H.J