فیلتەری سناپچات کچێک دووچاری نەخۆشی دەروونیی دەکات

"ئەگەر لەماڵەوە بێمە دەرەوە خەڵک دەزانن کە ناشرینم"

K24 – هه‌ولێر:

کچێک ئەوەندە ئالوودەی فیلتەرەکانی سناپچات بووە، ناتوانێت لە سەر جێگای نووستنەکەی هەڵبستێ و تەنانەت سەیری ئاوێنەش بکات.

مایسی هەیزلودی تەمەن 19 ساڵ، لە مانگی دووەوە، بەرنامەی سناپچاتی داگرتووە و رۆژ دوای رۆژ زیاتر ئالوودەی بووە.

ئێستا ئەو کچە دووچاری حاڵەتێک بووە کە شێوە راستەقینەکەی خۆی لەبەرچاو کەوتووە و رقی لە رووخسارییەتی بەبێ فیلتەر.

لە لێدوانێکی بۆ رۆژنامەی مێترۆ، ئەو کچە رایگەیاندووە: "ئەو فیلتەرانەم زۆر لا جوان بوو کە چاو و برژانێکی گەورەتر، لوتێکی رێک و رووخسارێکی بێ خەوشی دەدامێ".

راشیگەیاندووە: "ئێستا ئەوندە بەو فیلتەرانە ئالوودە بووم، ناتوانم لەگەڵ وێنە راستەقینەکەی خۆم هەڵ بکەم".

ئاماژەی بەوەشکردووە: "ئێستا لە ژوورەکەم نایەمە دەرەوە، ماکیاژیش ناکەم چونکە دەزانم ئەگەر خەڵک لە دەرەوە بمبینن، دەزانن کە من بە بەروارد بە وێنەکانی سناپچاتم، ناشرینم".

مایسی چیدی متمانەی بە خۆی نەماوە و داواش دەکات خەڵک وێنەی راستەقینەی خۆیان لە فیلتەرەکاندا ون نەکەن.

سناپچات تۆڕێکی کۆمەڵایەتییە و بەکاربەرێکی زۆری هەیە، تیایدا لە رێگای فیلتەری جیاواز دەکرێت شێوەی رووخسار بگۆڕدرێت.

مایسی هەیزلود
مایسی هەیزلود

H.J