هۆکار و چارەسەری شەش جۆری سەر ئێشە بزانە

شوێنی ئازارەکە هۆکاری سەرئێشەکە دیاریی دەکات

K24 – هه‌ولێر:

بۆ چارەسەرکردنی سەرئێشە دەبێت سەرەتا بزانی هۆکاری سەرئێشەکەت چییە، ئەمەش ئەو بەشەی سەر کە ئازارەکەی تێدا دروست دەبێت دەستنیشانی دەکات.

لەم هەواڵە، شەش جۆری سەر ئێشە دیاری کراون کە دەتوانین بەهۆی شوێنی ئازارەکە بیانناسینەوە.

سەرئێشەی TMJ

زۆر دەگمەن ئەم جۆرە ئازارە دروست دەبێت و لە نزیک گوێکان هەستی پێدەکرێت، هۆکارەکەی بۆ فشار و هەڵە جوینی خواردن دەگەڕێتەوە.

چارەسەری ئەم جۆرە سەرئێشەیە بە چەند جوولەیەکی پزیشکی ددان دەکرێت.

سەر ئێشەی بۆرییەکانی لووت (جیوب)

ئەم جۆرە سەر ئێشەیە لە دەوروبەری لووت دروست دەبێت و لە زۆر حاڵەتدا بە درێژایی رۆژەکە دەمێنێتەوە.

دەکرێت دەرمانی ئەنتیبایۆتیک و چەند جۆرێکی دەرمانێکی دیکە بەکاربێت بۆ چارەسەری ئەم جۆرە سەر ئیشەیە، ئەگەر هەر چارەسەرنەبوو، ئەوا دەبێت کەسەکە نەشتەرگەری ئەنجام بدات.

سەر ئیشەی کلەستەر

ئازار لە چاواردەوری چاو دروست دەبێت و بە درێژای رۆژەکە لایەکی سەر ئازاری دەبێت، هەندێک جار ئەم جۆرە ئازارە بۆ چەند هەفتەیەک بەردەوام دەبێت و تاکو ئێستا پزیشکان هۆکاری تەواوی نازانن، بەڵام گومان دەکەن هۆکارەکەی بۆ زۆر خواردنەوەی کحول و جگەرەکێشان بگەڕێتەوە.

وەرزشکردن و دوورکەوتنەوە لە کحول و جگەرە تا رادەیەک چارەسەرە.

سەرئێشەی گرژیی

ئازارەکە بە خڕایی سەردا بڵاودەبێتەوە، خەمۆکیی، ئازار و گرژی ماسوولکەکان هۆکاری ئەم جۆرە سەر ئێشەیەن و ئەگەر هەیە لە مانگێکدا دووجار دووبارە ببێتەوە.

چارەسەری کورتخایەن بریتییە لە دەرمانی ئارامکەرەوەی ماسوولکەکان و چارەسەری درێژ خایەن بریتییە لە فێربوونی تەکنیکی پشوودان بە دەروون و ماسوولکەکان، هەروەها دوورکەوتنەوە لە جگەرە و خواردنەوە کحولییەکان و فشارە دەروونییەکان کاریگەری زۆریان هەیە.

سەرئێشە بەهۆی ئازاری مل

ئازارەکە لە مل و پشتە ملەوە بۆ سەر دەگوازرێتەوە و لەکاتی جووڵە ئازارەکە زیاد دەکات.

هۆکارەکەی بۆ هەوکردن لە دەمارەکانی سەر یاخود زیان گەیاندن بە ئێسکەکانی مل دەگەڕێتەوە.

گەر دەتەوێت بەشێوەیەکی یەکجاریی لەم ئازارە رزگارت بێت دەبێت فێری وەرزشکردن بە مل ببیت لەگەڵ چۆنیەتی پشوودان بە ماسوولکەکانی لەش.

مایگرەین یاخود شەقیقە

تەواوی سەر دەگرێتەوە و هەندێکجاریش دڵ تێکەڵهاتن، ساردبوونەوەی دەستەکان و هەستیاریی بۆ رووناکی و دەنگ هاوڕێن لەگەڵی.

تاکو ئێستا هۆکار و چارەسەری مایگرەین نازانرێت، بەڵام نەخۆشییە بۆماوەییەکان رۆڵی زۆریان هەیە.

بەگوێرەی داتاکانی Medical News Today،  مایگرەین دەکرێت لە منداڵ و کەسانی پێگەشتوو رووبدات، بەڵام هەندێک کەس هەفتانە بەدەست ئەم ئازارەوە دەناڵێنن و هەندێکی دیکەش رەنگە ساڵی تەنها یەکجار دووچاری ببن.

ئەگەر هەیە وەرزشکردن، دوورکەوتنەوە لە فشار و کێشە دەروونییەکان کەمێک چارەسەری ئەم جۆرە سەر ئێشە سەختە بکات.

 

سەرچاوە: THE EPOCH TIMES

H.J