ھاریی و مێگان ماركڵ كۆشكی بەریتانیا جێدەھێڵن

دەیانەوێت لە رووی گوزەران و داراییەوە سەربەخۆ بن
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

لە ھەنگاوێكی چاوەڕوان نەكراودا ھاریی و مێگان ماركڵ خێزانی بڕیاریان دا دەستبەرداری كارە گشتییەكانیان بن و كۆشكی بەریتانیا جێبھێڵن، ئەو بڕیارەش چاوەڕوان نەكراوبوو ھەم بۆ خێزانە شاھانەكەی ئەو كۆشكە و ھەمیش بۆ جیھان بەگشتی. ئەوەی بووەتە جێی پرسیار ئەوەیە  كە ئایە ئەو دوو دۆكە دوای دەستبەرداری ئەو ھەموو داھاتەی بۆ كۆشكەكەوە دەگەڕێتەوە، دەبێت چی كارێك ئەنجامبدەن لە دەرەوە، تاوەكو بتوانن بژێوی ژیانیان پەیدا بكەن و ئاستی گوزەرانیان بە بەرزی بمێنێتەوە.

لە نوێترین راپۆڕتی "سی ئێن ئێن بزنیس" تایبەت بەو ھەنگاوە پێشبینی نەكراوەی فەرمانڕەوای ناوچەی ساسێكس و خێزانەكەی ئەنجامدراوە دەڵێت،  بەگشتی خێزانە گەورەكەی كۆشكی بەریتانیا خاوەنی سامانێكی یەكجار گەورەن و داھاتێكی زۆریان لە رێگەی  ئەو زەوییانەوە بۆ دەگەڕێتەوە كە ھەیانە، پشكی گەورەش بەر شاژن ئێلیزابێت و شازادە چارڵز دەكەوێت، ئەوە جگە لەو بڕە پارەیەی كە لەلایەن حكومەتی بەریتانیاوە وەك منحەی سەروەری دەدرێتە شاژنی كۆشكی سپی بۆ راییكردنی كارە گشتییەكان.

ھاری و خێزانەكەیشی مووچەیان بۆ بڕاوەتەوە و %5 ی منحەی سەروەری وەردەگرن، بەڵام ئێستا لەگەڵ جێھێشتنی كۆشك، دەبێت دەستبەرداری ئەو بڕە پارەیە بن، ئەوە جگە لەوەی كە %95 ی مووچەیان لە شازادە وێڵزەوە وەردەگرن، ھاری و  مێگن، ئاماژەیان بەوەداوە كە دەیانەوێت لە رووی گوزەران و داراییەوە سەربەخۆ بن، ئەوەش بەو مانایە دێت كە  دەبێت بەدوای ھەلیكاری گونجاو بگەڕێن.

بەگوێرەی ئەو ھەواڵانەی بڵاوبووەتەوە ھاریی و مێگان دەیانەوێت لە دوای تەواوبوونی ھەڵبژاردەنەكان لە ئەمریكا، لە لوس ئەنجلوس نیشتەجێبن ،ھاوكات ئەوان ھەر لە ئێستاوە دەستیان بە تۆماركردنی بڕاندی  ساسێكس رۆیاڵی تایبەت بە خۆیان كردووە  كە خۆی لە سەدان جۆر جلوبەرگ دەگرێتەوە،ئەوە جگە لەوەی كە لە كاری خێرخوازی بەردەوامن و تەنانەت بەنیازن لەگەڵ گەورەكانی ئەو خێزانە شاھانەیە كاری جۆراوجۆر ئەنجامبدەن، بەڵام دیار نییە ئاخۆ ئەو فەرمانڕەوایە و خێزانەكەی توانای بەرگەگرتنی ژیانی دەرەوەی كۆشكیان دەبێت یاخود نا، تا ئەو كاتەش ھەموو چاوەكان لەسەر شێوازی ژیانی ئەو دوو دۆكە دەبێت لە دوای دەستبەرداریان، هەرچەندە روون نیە کە هاری چ کارێک هەڵدەبژێرێت، بەڵام پێدەچێت مێگانی خێزانی  بگەڕێتەوە سەر کاری سینەما و هونەریی.

ھ.م