هه‌ڵوێستێكی نوێ له "كوڕه‌ی هێلكه"
K24 - هه‌ولێر:
ویل كۆنۆلی، كه ئێستا به "كوڕه‌ی هێلكه" ناسراوه، هه‌ڵوێستێكی نوێ ده‌نوێنێت و بڕیاریداوه، ئه‌و پاره‌یه‌ی وه‌كو به‌خشین بۆی كۆكراوه‌ته‌وه، به خێزانه زیانلێكه‌وتووه‌كانی كرده‌وه "تیرۆریستییه‌كه‌ی" نیوزیلاند ببه‌خشێت.
ویل كۆنۆلی، دوای ئه‌وه‌ی هێلكه‌یه‌كی له پشته‌سه‌ڕی فرایزه‌ر ئانگیگ، كه سیناتۆرێكی ئوسترالییه، شكاند، ناوبانگێكی باشی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان په‌یدا كردووه، به‌و پێیه‌ی كرده‌وه‌كه‌ی وه‌ڵامێك بووه بۆ لێدوانه "ره‌گه‌زپه‌رستیه‌كانی" به‌رامبه‌ر به موسڵمانان، كه دوای كرده‌وه‌ی نیوزیلاند ره‌خنه‌ی له موسڵمانان گرتبوو.
دوای رووداوه‌كه‌ش، له‌سه‌ر تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، هه‌ڵمه‌تێكی به‌خشین بۆ "كوڕه‌ی هێلكه" ده‌ستیپێكرد و تا ئێستاش زیاتر له 42 هه‌زار دۆلاری بۆ كۆكراوه‌ته‌وه، به‌ڵام ویل كۆنۆلی بڕیاریداوه زۆربه‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ی بۆی كۆكراوه‌ته‌وه، به خێزانی قوربانییانی هه‌ردوو مزگه‌وته‌كه‌ی شاری كرایست چه‌رچی نیوزیلاندی ببه‌خشێت.
كۆنۆلۆی دوای ئه‌وه‌ی به هێلكه له سیناتۆره‌كه‌یدا گوتی: "موسڵمانان تیرۆریست نین و تیرۆر هیچ ئایینێكی نییه، ئه‌وه‌ی موسڵمانان وه‌ك تیرۆریست ده‌بینێت، سه‌رێكی به‌تاڵی هه‌یه وه‌كو ئه‌و سیناتۆره".
رۆژی 15ی ئادار/ مارسی 2019، له كرده‌وه‌یه‌كی تیرۆریستی‌دا، چه‌كدارێك به‌ناوی برینتن تارانت، 28 ساڵ، له شاری كرایست چه‌رچ له نیوزیلاند، هه‌ڵیكوتایه سه‌ر دوو مزگه‌وت، له ئاكامی رووداوه‌كه‌شدا، 50 كه‌س كوژران و نزیكه‌ی 20 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون.
ئ. م