زیانی کێشانی 20 جگەرە و ژیانکردن لە نزیک شەقامێکی جەنجاڵ وەک یەکە

ژیانکردن لە نزیک کارگە و شەقامەکان زیانی تەندروستی هەیە

K24 – هه‌ولێر:

زیانی کێشانی 20 جگەرەی رۆژانە و ژیانکردن لە نزیک شەقامێکی جەنجاڵ یان کارگەیەک بۆ مرۆڤ وەک یەکە.

جۆیل کاوفمان، پرۆفیسۆر لە زانکۆی واشنتن، هۆشداریی لەبارەی ژیانکردن لە نزیک شەقامە جەنجاڵەکان دەدات، ئەوانەی رێگای سەرەکی ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرەکانن، و دەڵێت: "بۆ ئێمەش جێگای سەرسوڕمان بوو کە بینیمان، پیسبوونی ژینگە هەمان کاریگەری کێشانی جگەرەی لەسەر هەوکردنی سییەکان هەیە".

توێژینەوەکە لە گۆڤاری یەکێتی پزیشکانی ئەمەریکا بڵاوکراوەتەوە و تیایدا تاقیکردنەوە لەسەر حەوت هەزار و 71 کەس کە تەمەنیان لە نێوان 45 بۆ 84 ساڵ بووە کردووە.

بەگوێرەی ئەنجامی توێژینەوەکە، پاشماوەی ئۆتۆمبێل و کارگەکان، لەگەڵ تیشکی خۆر کارلێک دەکات و دەبێتە ژەهرێکی کاریگەر.

یەکێک لە نەخۆشییە سەرەکییەکان کە بەهۆی کێشانی جگەرەوە دووچاری مرۆڤ دەبێت، نەخۆشی Emphysema – هەڵئاوسانی سییەکانە کە دەبێتە هۆی هەناسە بڕکێ و کۆکە و مەترسی مردن زیاد دەکات. پیسی ئەو ژینگەیەی تیایدا دەژیت، هەمان کاریگەری جگەرەی لە تووشبوون بەو نەخۆشیەوە هەیە.

رێکخراوی تەندروستی جیهان پێشتر هۆشداریی داوە، پیسی ژینگە دەبێتە هۆی نەخۆشی دڵ و سییەکان و ساڵانە بەهۆیەوە چوار ملیۆن و 500 هەزار کەس دەمرن.

 Daily Mail

H.J