پشکنینێکی خوێن پێشبینی وادەی مردن دەکات

پێشبینی مردن پێش 10 ساڵ دەکات

K24 – هه‌ولێر:

توێژەران پشکنینێکی خوێنیان داهێناوە کە دەتوانێت پێشبینی ئەوە بکات کە کەسێک لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوو زیندوو دەمێنێت یان دەمرێت.

ئەکادیمیای ماک پلانک بۆ پشکنینی بایۆلۆژی لە ئەڵمانیا، 14 پشکنینی بایۆمارکەر، دەرخەرە بایۆلۆژییەکانی داهێناوە کە پشکنینی ورد بۆ لەشی مرۆڤ لە سیستمی بەرگری و رێژەی گلوکۆزەوە بۆ رێژەی چەوری و هەوکردن دەکات.

توێژەران تاقیکردنەوەیان لەسەر 44 هەزار کەس کردووە و تیایدا پێشبینییەکانیان بۆ مانەوەی کە سێک لەژیان لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوو بەڕێژەی 83% راستبووە.

سوودێکی دیکەی ئەم پشکنینە ئەوەیە، پێش ئەوەی کەسێک نەشتگەریی بکات، دەتوانرێت بزانرێت کە کەسەکە چەند بەرگەی ئەو نەشتەرگەرییە دەگرێت، بە تایبەت بۆ کەسە بە تەمەنەکان.

بەهۆی کوالیتی خۆراک و دەرمان و پاکی کەشوهەوا و شێوازی ژیانکردن، تەمەنی هاووڵاتیانی ئەوروپا و ئەمەریکا و وڵاتە پێشکەوتووەکان لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاترە، پێشکەوتنی کەرتی تەندروستی و پشکنینەکانیش، رۆلی گەورەیان لە زیادکردنی تەمەنی رۆژئاواییەکان هەیە.

The Daily Mail

H.J