نوێترین توێژینەوە لە بارەی زیانەکانی کێشانی نێرگەلە بڵاوکرایەوە
K24 – ههولێر:
تا دێت بەڵگەکان زیاتر ئەوە دەسەلمێنین کە کێشانی نێرگەلە زیانی زیاترە لە جگەرە.
دوێنی هەینی 08/03/2019 یەکێتی تەندروستی دڵی ئەمەریکی نوێترین راپۆرتی لەسەر زیانەکانی نێرگەلە بڵاوکردەوە و تیایدا چەند زانیارییەکی نوێ ئاشکرا دەکات.
ئارون بهتانگار، پرۆفیسۆر لە زانکۆی لویسڤیل کێنتاکی ئەمەریکی و بەڕێوەبەری توێژینەوەکە بە تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێنی گوتووە: "زۆر کەس پێیان وایە نێرگەلە لە جگەرە باشترە، بەڵام هیچ بەڵگەیەک ئەمە ناسەلمێنێت، بە پێچەوانەوە، زۆرێک لە ماددە زیانبەخشەکانی جگەرە لە نێرگەلەش هەیە".
دەشڵێت: "کێشانی نێرگەلە نەخۆشییەکانی دڵ، جەڵتە، شەکرە و قەڵەویی لەگەڵدایە".
بەگوێرەی توێژینەوەکان، زیانەکانی جگەرە و نێرگەلە نزیکن لە یەک، بەڵام ئەوەی نێرگەلە زیاتر مەترسیدار دەکات ئەوەیە، دووکەڵی نێرگەلە بەهۆی زۆری و چڕییەکەی زۆر زیاتر هەڵگری ماددە زیانبەخشەکانە.
بۆ نموونە، هەردوو جگەرە و نێرگەلە ماددەی کاربۆن مۆنۆکسایدییان تێدایە، بەڵام کاتێک نێرگەلە دەکێشین، بڕێکی زۆر زیاتری ئەو ماددەیە دەچێتە لەشمانەوە.
هەروەها لەبەر بە کارهێنانی خەڵووز و گەرمییەکی زۆر، دووکەڵی نێرگەلە زیاتر زیان بە سیی و قورگ دەگەیەنێت.
بۆچی کێشانی نێرگەلە روو لە زیادبوونە؟
بوونی تامی جیاواز، دووکەڵی نێرگەلە زیاتر خوازراو دەکات؛ هەروەها، زۆر کەس لە کافێکان نێرگەلە دەکێشن، پێیان وایە ئەوە نەبووەتە خوو و ئالوودەنەبوون، وەک بەشێک لە چوونە دەرەوە و بەسەر بردنی کات تەماشای دەکەن، بەڵام نێرگەلە ئالوودەکەرە و هەندێک کەس بەهۆی کێشانی نێرگەلە، دواتر فێری جگەرە کێشانیش بووە.
CNN
H.J