توێژینەوەیەک پەیوەندی نێوان زۆر بیرکردنەوە و ماوەی ژیان ئاشکرا دەکات

بۆچی ئەو کەسانەی مێشکیان چالاکترە زووتر دەمرن؟

K24 – هه‌ولێر:

زۆر هۆکار هەن کە کاردەکەنە سەر ئەوەی هەر کەسێک چەند دەژی. هەندێک لەو هۆکارانە مرۆڤ ناتوانێت دەسەڵاتی هەبێت بەسەریاندا، وەکو بۆهێڵەکان (جین)، بەڵام هەندێکی دیکەیان وەک شێوازی ژیان و ژینگە، مرۆڤ دەتوانێت گۆڕانکاریی تێدا بکات.

لە توێژینەوەیەکدا کە لە گۆڤاری Nature بڵاوکراوەتەوە، ئاشکراکراوە، چالاکیی زۆری مێشکی مرۆڤ یەکێکە لە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی تەمەن.

بروس یانکەر، پرۆفیسۆر لە بواری بۆهێل و مێشک لە زانکۆی پزیشکی هارڤارد لەوبارەیەوە دەڵێت: "ئەو میکانیزمەی وروژان لە مێشکدا دروست دەکات، پرۆسەی هەرس و مێتابۆلیزمیش کۆنتڕۆڵ دەکات، کە کاریگەری زۆری لەسەر ماوەی ژیانی کەسێک هەیە".

تاقیکردنەوەیان لەسەر کۆمەڵێک خەڵک کردووە و ئاشکرایانرکردووە، ئەو کەسانەی 90 بۆ 100 ساڵ ژیاون، چالاکی مێشکیان کەمتر بووە لەوانەی 60 بۆ 70 ساڵ ژیاون چونکە ماندووکردن مێشک و چالاکی زۆری مێشک، کار دەکاتە سەر تەندروستی مێشک.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی پشوودان بە مێشک و کەمکردنەوەی چالاکی و بیرکردنەوە سوودیان بۆ تەمەن درێژیی دەبێت.

توێژەران تەنانەت تاقیکردنەوەیان لەسەر مشکی تاقیگە کردووە و دەرمانی هێورکەرەوەیان پێداون، بۆیان ئاشکرا بووە، ئەوانەی دەرمانی هێورکەرەوەیان پێنەدراوە، زووتر پیر بوون.

Times

H.J