توێژینەویەک زانیاری جیاواز لە بارەی زیانەکانی گۆشتی سوور بڵاودەکاتەوە

پێچەوانەی توێژینەوەکانی پێشوو باس لە زیانەکانی گۆشت دەکات

K24 – هه‌ولێر:

پزیشک و توێژەرانی بواری پزیشکی، لێکۆڵینەوەی زۆریان لەبارەی زیانەکانی گۆشت کردووە، ئاماژەیان بەوە داوە، گۆشتی سوور دەبێتەوە هۆی جەڵتە و شێرپەنجە و چەندین نەخۆشی دیکە، بەڵام توێژینەوەیەکی نوێ زانیاری جیاواز باس دەکات.

توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری Annals of Internal Medicine بڵاوکراوەتەوە و رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی لە راپۆرتێکیدا ئاماژە پێداوە، ئاشکرای کردووە، زیانەکانی گۆشتی سوور لە قەبارەی خۆیان گەورەتر کراون.

برادلی جۆنسن، پسپۆڕی نەخۆشییە باوەکانی ناو خەڵک لە زانکۆی دالهاوسی کەنەدا، دەڵێت: "ئەو توێژینەوانەی لە بارەی زیانەکانی گۆشتی سوور کراون، لەسەر بنەمای زانستی بەهێز نەبوون و گریمانەن".

ئەم تیمە پزیشکییە رووبەڕووی رەخنەی زۆر بوونەتەوە و بە پارە وەرگرتن لە لایەن چەند کۆمپانیایەکی گۆشتی پەستێنراو تۆمەتبار دەکرێن، بەڵام لە چاوپێکەوتنێک جۆنسن هەموو ئەوانەی رەتکردەوە و دڵنیایی دا کە توێژینەوەکەیان تەواو زانستیی بوون و هیچ کاریگەرییەکی کۆمپانیاکانی لەسەر نەبووە.

ئەم کۆمەڵە پزیشکییە پێیان وایە، خواردنی گۆشتی سوور بەشێوەیەکی تەندروست، ئەو زیانە زۆرەی نییە کە ئەمڕۆ لە لایەن رێکخراوە جیهانییەکان هۆشداریی لەبارەی دەدرێت.

چەند توێژینەوەیەکی نێودەوڵەتی کە لەساڵی 2018 ئەنجامدراون، ئاشکرایان کردبوو، خواردنی گۆشتی سوور دەبێتە هۆی نەخۆشییەکانی دڵ و دەمارەکان و شێرپەنجە.

H.J