ژنێکی چینی تەنها گوێی لە دەنگی ژنان دەبێت

هاوڕێ کوڕەکەی له‌ هه‌مووان نیگه‌رانتره‌

K24 - هه‌ولێر:

ژنێکی چینی، تووشی نەخۆشیەکی دەگمەن بووە و به‌هۆیه‌وه‌ تەنیا گوێی لە دەنگی ژنان دەبێت و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك گوێبیستی ده‌نگی پیاوان نابێت، ئەو نەخۆشییەش هاوڕێ کوڕەکەی لە هەمووان زیاتر بێزار کردووە.

پزیشکەکان سەریان سوڕماوە لەوەی نیشانەکانی لەدەستدانی بیستن لەو نەخۆشە بێهاوتایە و كۆئه‌ندامی گوێ ئه‌ركه‌كانی خۆیان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن و هیچ گرفتێكیان نییه‌.

پسپۆڕێكی تایبه‌ت به‌ نەخۆشییەکانی گوێ، پێیوایە ئەو ژنە دووچاری نزمبوونەوەی پێچەوانە بووە، کە وایکردووە تەنیا گوێی لەو دەنگانە دەبێت، کە لەرەلەریان بەرزە، نەک دەنگە لەرەلەر نزمەکان.

ئەو پسپۆڕه‌ چینیە پێشیوایە، دەکرێت بەهۆی فشاری ژیانیش ئەو ژنە نەخۆشیەکەی سەختتر بووبێت.

دواتر ژنه‌كه‌ پزیشکەکەی گۆڕیوە و سه‌ردانی پزیشكێكی دیكه‌ی كردووه‌، چونکە پزیشكی یه‌كه‌م نه‌یتوانیوه‌ چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە.

دوای ئه‌وه‌ی پزیشكی دووه‌م قسه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كات، كه‌ ژن بووه‌، گوێبیستی بووه‌ و وەڵامی داوەتەوە، ئه‌وه‌ش وایکردووە گومانی لا درووست بێت، بەڵام کە دیسان پزیشکێکی دیكه‌ پیاو هاتووه‌تە ژوورەوە بۆ پشکنین، هیچ شتێكی گوێ لێ نه‌بووه‌، چونكه‌ سرووشتی نه‌خۆشییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ته‌نها گوێبیستی ده‌نگی ژنان ده‌بێت، نه‌ك پیاوان.

بە پێی توێژینەوە پزیشکییەکان، ناوە زانستیەکەی ئەو نەخۆشییە بریتییە لە ئاڕ ئێس ئێچ ئێڵ ( REVERSE-SLOPE HEARING LOSS) لە دەستدانی بیستنی پێچەوانە، چارەسەر بۆ نەخۆشییەکە کەمە، بەڵام پشوودان و کارکردن لەژێر گوشاری کەمتر وا دەکات کاریگەریی نەخۆشییەکە کەمتر ببێتەوە.

ئەوەی پەیوەندی بە هۆکارەکانیشەوەیە بریتیە لە هۆکاری بۆماوەیی یان كاركردن له‌ ژێر گوشار و په‌ستانێكی زۆر.

سەرچاوە: ئێیژیا وایەر (Asia Wire)

ی. ئ