پڕ داھاتترین نمایشكاری جلوبەرگ لە جیھاندا ئاشكرا دەكرێن

نمایشكاری جلوبەرگ بووەتە سەرچاوەیەكی گرنگی داھات
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/2f6ee329-ed96-4fe6-a617-beb99f182ab0/090919YJA.ism/manifest

K24 - ھەولێر

راپۆرتێك لەسەر نمایشكارانی جلوبەرگ لە جیھاندا بڵاوبووەتەوە و تێیدا دەركەوتووە كە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا توانیویانە ببنە خاوەنی سامانێكی خەیاڵی لە رێگەی ئەو كەرتەوە و لە پلەی یەكەمی لیستەكەدا كینداڵ جێنەر دێت، كە لە 2018دا بە پرداھاترین نمایشكار لە جیھاندا دەستنیشان كراوە  و كرێی كاركردنی دەگاتە 22 ملیۆن و 500 ھەزار دۆلار و زۆربوونی ئەنجامدانی  گرێبەست لەگەڵ بڕاندە بازرگانییە جیھانییەكاندا، بە ھۆكاری سەرەكی داھاتەكەی دادەنرێت.

گۆڤاری فۆربیس ی ئەمریكی نوێترین لیستی لەسەر پڕداھاتترین نمایشكارانی جلوبەرگ لە جیھاندا بڵاوكردووەتەوە كە پشتی بە داتاكانی مانگی حوزەریرانی 2017 تا حوزەیرانی ساڵی 2018 بەستووە .

بەگوێرەی راپۆرتەكە، سەرجەم نمایشكارانی جلوبەرگ لە جیھان ھەوڵیانداوە لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە، جیھان زیاتر بە خۆیانەوە ئاشنا بكەن.

بەگوێرەی لیستەكە، كینداڵ جێنەر  پرداھاتترین نمایشكارە لە سەرانسەری جیھان بەجۆرێك خاوەنی كرێی كارێكە دەگاتە 22 ملیۆن و 500 ھەزار دۆلار، ھۆكارەكەیشی بۆ ئەو گرێبەستانە دەگەڕێتەوە كە لەگەڵ بڕاندە بازرگانییە جیھانییەكاندا ئەنجامیداوە وەك ئیستی لۆدەر، كاڵڤن كڵاین و ئەدیداس.

كارڵی كڵەس كرێی كارەكەی دەگاتە 13 ملیۆن دۆلار، ئەو نمایشكارە چەندین گرێبەستی لەگەڵ بڕاندی بازرگانی جیھانی وەك سوارۆڤسكی، ئەدیداس و ئیستی لۆدەر كردووە.

كریسی تیگن، كرێی كاركردنی 11 ملیۆن و 500 ھەزار دۆلارە، ئەو نمایشكارە خاوەنی كەسایەتییەكی یەكجار بەھێزە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و كتێبێكی  لەسەر چۆنیەتی دروستكردنی خواردن بڵاوكردووەتەوە و پێشكەشكاری پرۆگرامی لیپ سێنس باتڵە.

رۆزی وایتڵی، ئەمساڵ لە رێگەی ھەژماری كۆمەڵایەتی خۆیەوە كە تایبەتە بە جوانكاری و پشكی لە فرۆشی بەرھەمی تایبەت بە پۆشاكی ئافرەتانە لە فرۆشگاكانی ماركس ئێند سبێنسەر، داھاتێكی یەكجار زۆری بەدەستھێناوە و  كرێی كاری 11 ملیۆن و 500 ھەزار دۆلارە.

كێرا دەڵەڤین، نمایشكار و گۆرانیبێژ و ئەكتەر، كرێی كاركردنی دەگاتە 10 ملیۆن دۆلار و لەگەڵ چەندین بڕاند جیھانی گرێبەستی ھەیە وەك تاگ ھور و دۆلچێ ئاند گابانا و بوربەری.

جزێل بوندشڵن، بەھۆی بڵاوكردنەوەی كتێبێك بە ناوی لەسنس و رێكلامكردن بۆ چەند كۆمپانیایەكی بەرازیلی وەك فیفارا و ئەریزۆ، كرێی كاركردنی گەیشتە 10 ملیۆن دۆلارە.

جیجی حەدید، كرێی كاركردنی 9 ملیۆن و 500 ھەزار دۆلارە و ئەمساڵ بە ھەماھەنگی لەگەڵ تۆمی ھلفینگەر دیزاینەری بەناوبانگی جل و بەرگ و كاریكردووە.

بیلا حەدید، خۆشكی جیجی حەدید خاوەنی كرێی كارێكە دەگاتە 8  ملیۆن  و 500  ھەزار دۆلارە و لە چەندین رێكلامی جیھانی وەك بولگاری و دیۆر بیووتی كاریكردووە.

جون سمۆڵز، ئەم نمایشكارە لەنێو لیتەكەدا زیاترین بەشداری لە نمایشی جلوبەرگدا ھەیە، رێكلام بۆ چەندین كۆمپانیای جیھانی تایبەت بە جوانكاری دەكات وەك ئیستیلۆدەر، كرێی كاركردنی دەگاتە 8 ملیۆن و 500 ھەزار دۆلار.

 دۆتزن كرەس، بەھۆی ئەنجامدانی گرێبەستێك لەگەڵ كۆمپانیای لوریاڵی جیھانی تایبەت بە جوانكاری جارێكی دیكە توانی بێتەوە ناو لیستەكە و كرێی كارەكەی بۆ  8 ملیۆن دۆلار زیادبووە.

گۆڤاری فۆربیس، ھەروەھا ئاماژەی بەوەداوە كە لە ھەمان ماوەدا كۆی كرێی كاركردنی نمایشكارانی پۆشاك لە لیستەكەدا دەگاتە 113 ملیۆن دۆلار و بەو جۆرەش نازناوی پڕداھاتترین نمایشكاری جلوبەرگ لە جیھاندا بەدەستدەھێنن.

ھ.م