نۆریلسک شارێکی گۆشەگیر و نامۆی جیهان

دوو مانگ تەنها شەوە و خۆر هەڵنایەت

K24 – هه‌ولێر:

شاری نۆریلسک دەکەوێتە سەروو خولگەی جەمسەری باکوور لە وڵاتی رووسیا و رێژەی دانیشتووانی 180 هەزار کەسە.

شارەکە لە ساڵی 1930 لە لایەن چەند زیندانییەکی کامپی گولاگ ( زیندانییەکانی ئەوکاتی یەکێتی سۆڤیەت کە کاری زۆرە ملێیان پێدەکرا) دروستکراوە.

هیچ هێڵێکی گواستنەوەی وشکانی ئەم شارە بە شارەکانی دیکەی رووسیا نابەستێتەوە، ئەمەش کردوویەتی بە شارێکی گۆشەگیر.

ئەوەی لەم شارە نامۆیە ئەوەیە، 9 مانگ لە ساڵێکدا زستانە و کاتێک پۆلار نایت (شەوی جەمسەری روودەدات)، بۆ ماوەی دوو مانگ خۆر هەڵنایەت و تەنها شەوە.

نۆریلسک خاوەنی رۆژی جەمسەریشە، بە پێچەوانەی شەوی جەمسەری، خۆر ئاوا نابێت و بەردەوام رۆژە.

ناوچە پیشەسازییەکان بە 20 کیلۆمەتر لە دەرەوەی شارەکەن و فەرمانبەران و کرێکاران بە پاس هاتووچۆی بۆ دەکەن.

فۆتۆگرافەرێک کە ماوەیەکە لەو شارە دەژیت بە بی بی سی دەڵێت: "شەوی جەمسەر زۆر لەسەر خۆ دێت، بۆ من بوونی خۆر گرنگە بۆ دەروونێکی باش بۆیە لەو دوومانگە لە رووی دەروونییەوە باش نیم".

لەبارەی دڵخۆشی دانیشتوانی ئەو شارەش دەڵێت: "خەڵکی لێرە بەشێکی زۆریان دڵخۆشن، چونکە مووچەی باش و کاتی پشووی زۆریان هەیە، بەڵام هەندێکی دیکەیان هەوڵدەدەن بچنە ناوچەیەکی دیکە کە زیاتر بۆ ژیان گونجاو بێت".

"لێرە خەڵک میهرەبان و پڕ جۆش و خرۆشن و لەناوە ماڵەکانیشیان دار و گوڵ دەڕوێنن".

لە وەرزی زستاندا، پلەی گەرمی لەو شارەی رووسیا دەگاتە 31 پلە ژێر سفر و بەرزترین پلەش لە هاویندا تەنها 19 پلەی سیلیزییە.

BBC

H.J